پەیامنێر و پێشكێشكارێكی بە توانا و ئازای مەیدانییە. ئارەزووی بۆ لێكۆلینەوەی قوڵ و ورد لە هەموو رووداوەكان، زۆرجار وایلێكردووە بەبێ گوێدانە رێنماییەكانی رووداو لە ناوچە گەرمەكانی شەڕ نزیكببێتەوەو بچێتە ناو خاڵە زۆر مەترسیدارەكانیشەوە.
هونەر ئەحمەد، خولی راهێنانی رۆژنامەڤانی لە رووداو بینیوە لەلایەن راهێنەرانی ئەوروپاییەوە.
پەیامنێر و پێشكێشكاری لە ناوچە جیاجاكانی كوردستان و عێراق و دەرەوە ئەنجامداوە. رووماڵی جەنگ و لێكەوتەكانی كردووە لە عێراق، سووریا، لیبیا، بۆرما و ئێران. ئەزموونی 10 ساڵ رووماڵی جەنگی هەیە 2009- 2019 هەیە.
رۆژی 8ی ئابی 2014، وەك یەكەم رۆژنامەڤان هەوڵی قسەكردنی راستەوخۆیدا لەگەڵ چەكدارانی داعش لە پەخشی زیندوودا لەنێو رێبەندێكیاندا لەبەرەی شەڕدا لەگەڵ پێشمەرگە.
لەشەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ هاوشانی كارە میدیاییەكەی هەوڵی رزگاركردنی خەڵكی مەدەنی داوە لەنێو ئاگری شەڕی هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعشدا.
رووماڵی هێرشەكانی 16ی ئوكتۆبەری 2017ی كرد ، لەكاتی ئەو رووماڵەدا لە شاری كەركووك ژیانی دوو پێشمەرگەی برینداری لە مردن رزگار كرد .
رۆژی 11ی ئاداری 2018 لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی باغۆز كە دوایین پێگەی چەكدارانی داعش بوو لە رۆژهەڵاتی فورات، وەك یەكەم پەیامنێر لەگەڵ فەرماندەیەكی هێزەكانی سووریای دیموكرات و چەند شەڕڤانێك چووە نێو خێوەتگەی داعش.
رۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2017 بەشێوەیەكی زۆر مەترسیدار چووە نێو شارۆچكەی خووماتوو، كە لەوكاتدا شارەكە لە ژێر كۆنترۆڵی حەشدی شەعبیدا بوو،دانیشتووانی كوردی خورماتوو لە ترسی گرتن و كوشتن هەڵاتبوون، دەیان خانوو و دووكانی هاونیشتمانیانی كورد لەو شارە تەقێنرانەوە، كە كورد هیچ بەڵگەیەكی ڤیدیۆیی لەبەردەستدا نەبوو تاوەكو وێرانكاری ئەو شارە لەلایەن حەشدەوە پیشانی جیهان بدات، نەتەوەیەكگرتوەكانیش رەتیدەكردەوە كە لەو شارەدا كۆمەڵكوژی و وێرانكردن و تاوان ئەنجامدرابێت، هونەر ئەحمەد بەنهێنی چووە خوورماتوو و وێنەی وێرانكاری ئەو شارەی گەیاندە جیهان.
هونەر ئەحمەد، لەساڵی 1986 لە شارۆچكەی خوورماتوو لەدایكبووە، پاش قۆناخی 3ی ئەنفال لە سنووری خوورماتوو دوای بۆردوومانكردنی شارەكە لەلایەن سوپای عێراقەوە لەساڵی 1990 تاوەكو 1991 لەگەڵ ماڵباتەكەی و دەیان هاوشاری دیكەی، ئاوارەی ئێران دەبێت لە ئۆردووگای گەیلان غەرب دەبنە پەنابەر.
دوای راپەڕینی 1991 دەگەڕێتەوە هەڵەبجەی شەهید، یەكەم ساڵی خوێندنی لەو شارە تەواو دەكات، دواتر بە هیوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆی دەچنە شارۆچكەی كفری لە سنووری گەرمیان، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لەوێ دەخوێنێ و زانستە مرۆڤاتییەكان لە زانكۆی كەركووك تەواو دەكات .
ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و باوكی كچێكە.