رووداو - هەولێر
پزیشكێك لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و تەندروستی هەولێر ئاشكرای دەكات (3%) دانیشتووانی هەولێر دووچاری هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی بوون. دەشڵێ ئەوانەی بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن زیاترن لەوانەی دەبنە قوربانیی نەخۆشیی ئایدز.
دكتۆر ئیبراهیم تاهیر لە بەڕێوەبەرایەتی پاراستن و تەندروستی هەولێر لە میانەی پێشكەشكردنی سمینارێكیدا ، بەناونیشانی (هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی) رایگەیاند "رێژەی (3%) دانیشتووانی هەولێر دووچاری هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی بوون و (85%)ی ئەو رێژەش لە رێگەی چارەسەری ددانەوە دەگوازرێتەوە".
دكتۆر ئیبراهیم نەخۆشیی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی بە نەخۆشییەكی كوشندە ناوبردو گوتی "مەترسی زیادبوونی لێ دەكرێت لە كوردستان".
روونیكردەوە ئەو ڤایرۆسە (6) جۆری هەیە، دوو جۆری یەكەمیان كە بریتین لە (أ، ی) زۆر ترسناك نین و نیشانەكانی زوو دەردەكەون و ماوەی هەفتەیەك بۆ دوو هەفتە لە جەستەی مرۆڤ دەمینێتەوە، رێژەی مردن لە جۆری (أ) لەناو گەوران زیاترە لەناو منداڵان، بەشێوەیەك لەناو گەوران لە هەزار كەسی توشبوو (17) كەسیان دەمرن، بەڵام لەناو هەزار منداڵی تووشبوو (1) منداڵ دەمرێت، هەرچی جۆری (ی)ە ئەو رێژەی مردن لەناویاندا (20%).
سەبارەت بەهۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو دوو جۆرەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەرەش دكتۆر ئیبراهیم گووتی: لە ڕێگەی دەم و ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە.
دكتۆر ئیبراهیم ئاماژەی بۆئەوەشكرد، كە چوار جۆرەكەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر بریتین لە (ب، س، د، ج) لە جۆرە ترسناكەكانن و زیاتر لە جەستەی مرۆڤ دەمێننەوە، بەشێوەیەك دوای نزیكەی (180) رۆژ ئینجا نیشانەكانی بەدیاردەكەوێ.
سەبارەت بە رێگەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو چوار جۆرەی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر، دكتۆر ئیبراهیم تاهیر گووتی: رێگەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە جۆراوجۆرن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بریتین لە (پەیوەندی سێكسی فرە كەسی، هاوڕەگەزبازی، بەكارهێنانی ماددهۆشبەرەكان لە رێگەی دەرزی لێدان، شوشتنی جگەر كاتێك كە ئامێرەكان لەماوەی (7) ڕۆژ پاك نەكرێنەوە، كوتان، ماچی قوڵ، هەموو شلەمەنییەكانی مرۆڤ، وەرگرتنی ئەندامی مرۆڤێك كە هەڵگری هەمان ڤایرۆس بێت، بەكارهێنانی ئامێرەكانی چارەسەری و نەشتەرگەری و گواستنەوەی خوێن، كارمەندانی تەندروستی بەتایبەت (نەشتەرگەری و ددان) لەگەڵ سەرتاشخانەكان).
ئەو پسۆڕە هەر لە سمینارەكەیدا ئامارەكانی ئەو ڤایرۆسەی لەسەر ئاستی جیهان راگەیاند و بەژمارەی مەترسیدار لە قەڵەمی دا و گووتی: لەسەر ئاستی جیهان تاوەكو ئێستا یەك ملیار كەس هەڵگری ڤایرۆسی جۆری (ب)ن، كە (384) ملیۆن كەسیان درێژخایەنەو ساڵانەش زیاتر لە یەك میلۆن كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە دەمرن و زیاتر لە (4) ملیۆنیش دوچاری هەڵگرتنی ئەو ڤایرۆسە دەبن.
راشیگەیاند: "ئەو ڤایرۆسە لە ئایدز زۆر ترسناكترە، چونكە بەپێی ئاماری ساڵی (2012) نزیكەی (34) میلۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز بوون، هەروەك ڕێژەی مردن لەناو هەڵگرانی ڤایرۆسی ئایدز كەمترە بە بەراورد بەهەڵگرانی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر لە جۆری (ب)".
دكتۆر ئیبراهیم روونیشكردەوە ژمارەی هەڵگرانی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر لە جۆری (س) لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان (130 بۆ 170) ملیۆن كەسە، جگە لەوەش ساڵانە (3 - 4) میلۆن كەسی دیكە دووچاری هەڵگرتنی ئەو ڤایرۆسە دەبن.
گووتیشی : ژمارەی هەڵگرانی جۆری (د) گەیشتۆتە (10) ملیۆن كەس لەو وڵاتانەی كە ئامێری پشكنینی ئەو ڤایرۆسەیان هەیە، هەروەك ژمارەی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی هەوكردنی جگەرن لە جۆری (ج) بوون گەیشتۆتە یەك میلۆن كەس.
ئەو پسۆڕە ئەوەشی راگەیاند: لە كوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر بەهۆی نەبوونی ئامێری پشكنین تاوەكو ئێستا نازانین ڕێژەی هەڵگرانی هەوكردنی جگەری ڤایرۆسی لە جۆرەكانی (د، ج) چەندە.
سەبارەت بەهۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی جۆری ئەو ڤایرۆسە لە شارەكانی كوردستان، دكتۆر ئیبراهیم تاهیر پێیوایە، كرانەوەی سنوورەكانی كوردستان بەڕووی وڵاتانی دنیا، كۆچكردنی لاوان بۆ دەرەوەی وڵات و گەڕانەوەیان، هاتنی وەفد و كرێكارە بیانیەكان بۆ كوردستان، شەڕی نێوخۆی عێراق و هاتنی دانیشتووانی ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ كوردستان، چونكە پشكنینەكان دەریانخستووە كە هەموو ماڵێك لە شارەكانی نەجەف و كەربەلاو حلە یەكێكیان هەڵگری جۆرەكانی ڤایرۆسی هەوكردنی جگەرن، جگە لەوانەش زۆربوونی شوێنە گەشتیارییەكان و هاتنی گەشتیاران بەو ڕێژە زۆرە بۆ كوردستان، بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، لاوازی بەرنامەی هۆشیاری تەندروستی، كەمی بودجە) بوونەتە هۆی بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە كوردستان.
لە شاری هەولێر سەرباری ئەوەی سەنتەرێك بۆ ئەو مەبەستە كراوەتەوە، بەڵام بە گوتەی دكتۆر ئیبراهیم "نەبوونی بودجەی پێویست و دابیننەكردنی دەرمان و ئامێرەكانی پشكنین" بوونەتە هۆی ئەوەی كە نەتوانن وەك پێویست چارەسەری ئەو كەسانە بكەن كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ