پێشكەوتنی خێرای هەرێمی كوردستان و هەنگاوە فراوانەكانی حكومەت لە گەلێك بواردا لە ماوەی رابردوو بەرچاو و حاشاهەڵنەگرە، بە جۆرێك هەرێمی كوردستان بووەتە جێی سەرنجی جیهان و وەكو مێرگێكی سەوز لە بیاباندا خۆی دەنوێنێ.
ئاستی بژێوی و گوزەرانی خەڵكی هەرێمی كوردستان تا رادەیەك باش بووە، بەڵام بودجەی زەبەلاحی عێراق و هەرێمی كوردستان بووەتە هۆی ئەوەی ئاستی داخوازی و پێشبینییەكانی خەڵكی كوردستان لە حكومەت لە دابینكردنی ژیانێكی بەختەوەر و شایستە و ئاستێكی بەرزی خزمەتگوزاری بۆیان بەرزبێتەوە.
كەرتی تەندروستی كە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی هەموو تاكەكانی كۆمەڵەوە هەیە، هێندە گرنگە تا ئەو رادەیەی سەركەوتنی هەر حكومەتێك لە دنیای پێشكەوتوودا پەیوەستە بە سەركەوتنی حكومەت لەو سێكتەرەداو لەوڵاتانی پێشكەوتوودا كەرتی تەندروستی لە بودجەی گشتی پشكی شێری بەردەكەوێت. بەداخەوە ئاستی خزمەتگوزاری گشتیی تەندروستی ئەگەرچی بودجەیەكی زۆر كەمی بۆ تەرخان نەكراوە، بەڵام لەبەر خراپی و كۆنیی سیستەمی كارگێڕیی تەندروستی، لە تەنگژەیەكی قووڵدایە.
ئاستی خزمەتگوزاری پزیشكیی حكومی ناكۆكە لەگەڵ پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی دیكە. تەنانەت نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی پێشنیازكراوی حكومەتی داهاتوو كە بە ئەندازیاری پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێ، لە چەندین بۆنەدا نیگەرانیی خۆی لە ئاستی خراپی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.
من پێموایە كەرتی تەندروستی خۆی نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەرە، بۆیە ناتوانێ گرفتە تەندروستییەكانی خەڵكی چارەسەر بكات. دەمەوێ سەرنجی سەرۆكی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەلای كێشە قووڵەكانی كەرتی تەندروستیدا رابكێشم بۆ ئەوەی هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان لە بواری چارەسەركردنی گرفتە تەندروستییەكانی هاووڵاتیاندا چڕبكاتەوە. لەم پێناوەدا پێشنیاز دەكەم ناوی كابینەی داهاتوو لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بكرێتە كابینەی تەندروستی. دەمەوێ لەم نووسینەدا هەندێ هێڵی گشتی پێشنیاز بكەم كە پێموایە كلیلی چارەسەرییەكانە، بەڵام جێبەجێكردنیان گفتوگۆ و لێكۆڵینەوەی زۆر هەڵدەگرێ و بۆ پسپۆڕان و كاربەدەستانی تەندروستی بەجێدێڵم.
1- پەیڕەوكردنی سیستەمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی بە جۆرێك كە نەخۆشخانەكان خۆیان خاوەن دەسەڵاتی كارگێڕیی فراوان و بودجەی تایبەتی خۆیان بن.
2- كەسی شیاو لە جێگەی شیاو، پێشمەرجی سەرەكییە بۆ سەركەوتنی هەر بەرنامەیەك كە دابنرێ بۆ چاكسازی لە بواری تەندروستی، بۆیە پێویستە چیدی لێپرسراوانی دەزگاكانی تەندروستی لەلایەن بەرپرسە حیزبییەكانەوە دانەنرێن بەڵكو لە رێگەی پێشكەشكردنی cv و كێبڕكێ.
3 - ئاوڕدانەوە لە خزمەتگوزاری فریاكەوتنی خێرای پزیشكی كە لاوازترین ئەڵقەی خزمەتگوزاری پزیشكییە لە كوردستان.
4 - وازهێنان لە بۆیاخكردن و پینەكردنی نەخۆشخانە كۆن و ئێكسپایەرەكان و دروستكردنی نەخۆشخانەی فێركاری گشتی ستوونی و مۆدێرن.
5 – دابینكردنی پزیشكی پسپۆڕی ئێشكگر بۆ نەخۆشخانەكان دوای دەوامی فەرمی.
6- راهێنانی ساڵانەی پزیشكان لە دەرەوە، بە تایبەتی لە نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا و ئەمریكا. هەروەها هێنانی پزیشكانی پسپۆڕی دەرەكیی خاوەن ئەزموون بۆ كاركردن لە نەخۆشخانە حكومی و فێركارییەكانمان لەو پسپۆڕییانەی نیمانە.
7- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پزیشكانی كورد لە تاراوگە، بەڵام ئەوان ناتوانن ببنە بەدیل بۆ پزیشكانی ناوخۆ، بەڵكو دەبنە هاوكاریان.
8 - گرنگیدان بە نەخۆشییە درێژخایەنەكان كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان دووچاری بوون بە دابینكردنی باشترین داوودەرمان و پشكنینی پزیشكی بۆیان بە شێوەیەكی بەردەوام.
9 - گرنگیدانی زیاتر بە كۆلیژەكانی پزیشكی گشتی و دەرمانسازی و پەرستاری. چونكە ئەو كۆلیژانە بەدەست كۆمەڵێك گرفتەوە گیرۆدەن و پێویستیان بە ئاوڕدانەوەی جددی هەیە.
10- پەلە بكرێ لە هەڵبژاردنی سەندیكای پزیشكان كە 10 ساڵ زیاترە دواخراوە لەبەر دەستێوەردانی حیزبی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ