دوو پزیشكی ئیسپانی پشكنین بۆ چاوی منداڵانی كوردستان دەكەن

27-12-2013
زنار ئالا
نیشانەکردن منداڵانی كوردستان پزیشكانی ئیسپانی
A+ A-
رووداو - مەدرید

مانگی رابردوو، دەزگای (Ruta de la Luz - رێڕەوی رووناكی)ی ئیسپانی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەنجامدانی كارێكی تەندروستی. ئەو كارە بەهاوكاری كۆمپانیای (Petrol Repsol)ی ئیسپانی ئەنجامدرا و چوار پزیشكی چاوانیش بەشدارییان تێدا كرد.

ئەو پزیشكانە سەردانی هەولێریان كرد و لەوێشەوە روویانكردە چەند گوندێكی دەوروپشتی دەریاچەی دووكان لە نزیك شاری سلێمانی و پشكنینیان بۆ چاوی 1078 منداڵ كرد كە تەمەنیان لەنێوان 5 تاوەكو 17 ساڵان بوو، 176 كەس لەوانەی پشكنینیان بۆ كرا پێویستیان بە چارەسەری هەبوو.

دوو لەو پزیشكانەی دەزگای “Ruta de la Luz” ، لەبارەی ئەو سەردانەیان بۆ كوردستان قسەیان بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) كرد. نێریا سان سباستیان، پزیشكی هەرێمی باسك گوتی “بەڕاستی ئەوە ئەزموونێكی زۆر خۆش بوو. خەڵكەكەی زۆر رووخۆش بوون و رەفتاری باشیان لەگەڵ دەكردین و هاوكارییان دەكردین. ئەو خەڵكە لە هەموو شوێنێك میواندارییان دەكردین و چایی و چوكلێتیان بۆ دادەناین.”

نێریا لەبارەی ئەو سەردانەیان بۆ چەند گوندێكی دەوروپشتی دەریاچەی دووكان دەڵێ “كۆمپانیای (Repsol) كە لەو ناوچەیە كاردەكات، تێبینی ئەوەی كردبوو كە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە پێویستیان بە پشكنینی چاو هەیە، نزیكترین پزیشكی چاویش بۆ خەڵكی ئەو ناوچەیە لە شاری هەولێرە كە 3 كاژێر بە ئۆتۆمبێل دوورە، بۆیە (Repsol)پەیوەندی بەئێمەوە كرد بۆ ئەوەی هاوكارییان بكەین لەو پرۆژەیەدا. ئێمە چاوی منداڵی شەش گوند، مامۆستاكان و هەندێك گوندنشینانی دیكەشمان پشكنی”.

 سەبارەت بە ئەنجامی پشكنینەكانیش نێریا گوتی “ژمارەیەكی زۆر لەوانەی پشكنینیان بۆ ئەنجامدرا، رێژەی ئاستیگماتیزمیان بەرزبوو”.

 نێریا كە لەو بوارەدا ئەزموونێكی درێژی هەیە، لەبارەی هۆكاری زۆربوونی ئەو كەسانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە گوتی “پێموایە هۆكاری ئەوە وشكبوونە و تۆزەكەش وادەكات خەڵكی ناوچەكە چاوەكانیان بخورێنن. ساڵێك لەمەوبەر من لە بۆلیڤیا بووم، لەوێش رێژەی ئاستیگماتیزم بەرزبوو. لەوێش وشكبوون و تۆزی زۆر هەیە. بۆچوونێك هەیە دەڵێ خورانی چاو قەرەنییەی چاو تێكدەدات. بەپێی ئەوەی لەو ناوچانە بینیومن، ئەمە بۆچوونێكی لۆژیكییە.”

ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنجی دكتور مادو خاتنانی، ئەوەبوو كە كورتبینی (miopía) لەنێو منداڵاندا زۆر كەمبوو “بەپێی ئەو پشكنینانەی ئێمە دیاربوو كە ژمارەی ئەو كەسانەی كورتبینییان هەیە كەم بوو. ئەوەش پێچەوانەی ئەو رەوشەیە كە لەنێو خەڵكی وڵاتانی رۆژئاوادا هەیە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، تەلەفۆنی دەست و ئایپاد كورتبینی زیاد دەكات. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەو ئامێرانە هێشتا زۆر لێرە بڵاونەبوونەتەوە بۆیە كورتبینی كەمە”.

 مادو دڵخۆشە بە سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان “ئێمە كە بە خەڵكەكەمان دەگوت دەچینە عێراق، زۆر دڵتەنگ دەبوون. چونكە میدیا لێرە وەك ناوچەیەكی مەترسیدار باسی رەوشی ئەمنیی عێراق دەكات، بەڵام ئەوەی لە كوردستان بینیمان زۆر خۆشبوو. ئەزموونێكی ئەوەندە خۆش بوو كە هەرگیز لەبیرناكرێت. ئارامی هەیە و سروشتی كوردستانیش زۆر جوانە. رەفتاری خەڵك لەگەڵ ئێمە زۆر گەرموگوڕ بوو. دەرگای ماڵەكانیان هەمیشە كراوەبوو.”



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە