رووداو -Fox news
قەبزی دیاردەیەكی تەندروستی بێزاركەرە، بەتایبەت لەكاتی سكپڕیدا كە هاوكات دەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانە جەستەیی و دەروونیانەی لەكاتی سكپڕیدا روودەدەن. لەگەڵ ئەمەشدا دیاردەیەكی باوە و 72%ی ژنانی سكپڕ تووشی دەبن. ناشكرێ هەتا كاتی منداڵبوون بەم حاڵەوە بمێنێتەوە.
لەم بابەتەدا روونی دەكەینەوە بۆچی قەبزی لەكاتی سكپڕیدا هێندە بڵاوە و چۆن خۆتی لێ دەرباز دەكەیت.
بۆچی قەبزی لە كاتی سكپڕی روودەدات؟
هەرچەندە قەبزی دەكرێ لە هەر قۆناغێكی سكپڕیدا رووبدات، بەڵام لە سێ مانگی یەكەمی سكپڕیدا لە هەموو قۆناغەكانی دی بڵاوترە. هۆكاری ئەمەش بەرزیی ئاستی هۆرمۆنی پرۆجیسترۆنە لەو قۆناغەدا. ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی لووسە ماسولكەكانی ریخۆڵە و سەرەنجام بە هێواشی خۆراكی هەرسكراوی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەر ئەمەش خودی قەبزییە.
هۆكارێكی دیكەی گرنگ، ماددەی ئاسنە كە دەدرێتە ژنانی سكپڕ وەك چارەسەر و خۆپاراستن لە كەمخوێنی لە كاتی سكپڕی. كەمخواردنی ریشاڵە خۆراكییەكانیش لە خۆراكدا قەبزیی كاتی سكپڕی زیاتر دەكات.
ئەو ژنانەی بەر لە سكپڕی قەبز بوون، لەكاتی سكپڕیدا بەشێوەیەكی توندتر تووشی دەبن. جگە لەمانەش، ئەو فشارە دەروونییەی ژنان لەكاتی سكپڕیدا تووشی دەبن، قەبزی دروست دەكات.
چارەسەری قەبزیی كاتی سكپڕی:
-1ریشاڵە خۆراكییەكان: زۆر بەكارهێنانیان جووڵەی ریخۆڵەكان خێراتر دەكات و دەبێتە بەشێك لە چارەسەری سكپڕی. ریشاڵە خۆراكییەكان لە میوە و سەوزە و پاقلەمەنی و دانەوێڵەكاندا هەن.
-2 ئاو خواردنەوە: ئاو یارمەتی راماڵینی خۆراكی ناو ریخۆڵەكان دەدات. بەڵام لەسەر خوانی نان خواردن ماوەیەكی كەم دوای نان مەیخۆرەوە، چونكە هەست بە باكردنی سك دەكەیت. باشترە لەنێوان ژەمەكاندا زیاتر ئاو بخۆیتەوە.
-3 وەرزش: راستەوخۆ دوای نان خواردن 5-10 خولەك بەپێ بڕۆ بۆ كەمكردنەوەی ئەو بێزارییەی دوای نان خواردن روو لە سكت دەكات.
-4 رایمەگرە: هەر كاتێك هەستت بە تەنگاوی كرد، بچۆرە سەرئاو، چونكە دواخستنی دەبێتە هۆی ئەزیەتدانی ریخۆڵەكان و هەمانكات رێگاش خۆشدەكات بۆ تووشبوون بە سكچوون، كە ئەمیش لە ژنانی سكپڕدا بڵاوترە.
-5 دەرمانی شلكەرەوەی پیسایی: ماددەگەلێكی سەلامەتن لەكاتی سكپڕیدا، بەڵام دەبێ دان بەخۆداگربیت، چونكە 2-3 رۆژیان دەوێت تا كاریگەرییەكەیان دەردەكەوێت.
-6 دەرمانی گرژكەری ریخۆڵە: لەماوەیەكی كەمدا كاردەكەن و ریخۆڵەكان دەجووڵێنن و پیسایی دەكەنە دەرەوەی لەش، بەڵام نابێت خۆبەخۆ بەكاریان بهێنیت، چونكە پێدەچێت جەستەت رابێت لەگەڵیان و بێ ئەوان وەك پێویست نەجووڵێیت. دەبێ پزیشك بۆت دیاری بكات بۆ ماوەیەكی سنووردار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ