دهۆک بۆ بردنەوەیەکی دیکە لە بەسرەیە
رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، پاڵەوانی جامی کەنداو لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و رووبەڕووی یانەی نەفت بەسرە دەبێتەوە.
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، یانەی دهۆک لە بەسڕە بەرامبەر یانەی نەفت بەسرە یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
دهۆک دوو رۆژە چووەتەوە بەسرە و رۆژی چوارشەممە بە ئارامی دوایین مەشقەکانی بۆ ئەم یارییە ئەنجامداوە، یانەکە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە کەربەلا بردەوە، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو کەشوهەوای خولەکە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
ئەلهویێن چیا لە دوایین دوو یارییدا کە بەرامبەر نەفت بەسرە ئەنجامیداون هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە و چاوی لە سێیەمە.
بەر لە یارییەکە دهۆک لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی نەفت بەسرە لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەکە لە 12 یاریی رابردوودا هیچ بردنەوەیەکی نییە و رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات.
ئەمە چوارەم یاریی دهۆکە دوای بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو، یانەکە لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا سێ یاری بەدوای یەکدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامدەدات، جگە لە یارییەکەی ئەمڕۆ رووبەڕووی یانەکانی نەفت و تەڵەبەش دەبێتەوە.