گڕی هاندەرانی نەورۆز دهۆک گەرم دەکاتەوە

رووداو دیجیتال

دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لە رێگای رووداو سپۆرتس مژدەی گواستنەوەی هاندەرانی لە شاری سلێمانییەوە بۆ دهۆک بۆ یاریی تیپەکەیان بەرامبەر یانەی موسڵ بەشێوەی خۆڕایی راگەیاند. 
 
بڕیارە رۆژی هەینی لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز لەنێو یاریگەی دهۆک یاریی لەگەڵ یانەی موسڵ بکات، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز بەپاڵپشتی هێرش کەمال، جێگری سەرۆکی یانەکەیان بڕیارییانداوە کە پاسی تایبەت بە گواستنەوەی هاندەران بۆ شاری دهۆک بەخۆڕایی دابین بکرێت.
 
توانا حوسێن، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "بەسوپاسەوە جێگری سەرۆکی یانەمان تێچووی گواستنەوەی هاندەرانی بۆ شاری دهۆک گرتە ئەستۆ، ئێمە کێشەمان لە هاتنی ژمارەی هاندەران نییە و هەرچەند بێت پاس ئامادەیە و دەتوانین بیانگوازینەوە بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەدا". 
 
نەورۆز یاریی رابردوو ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و توانی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی دیالە بباتەوە. 
 
بەرپرسی دەستەی هاندەرانی نەورۆزی کوردان زیاتر روونیکردەوە "ئامادەبوونی ئەو رێژە زۆرەی هاندەران کە ئێمە گەشتمان بۆ دهۆک لەژێر دروشمی سوپای سوورە، دڵنیام پاڵنەرێکی باشە بۆ یاریزانانمان و چاوەڕوانی سەرکەوتن و ئاهەنگگێڕان لە شاری دهۆک دەکەین، پەیوەندییەکی زۆر گەرموگوڕیشمان لەگەڵ سەرۆکی یانەی دهۆک و دەستەی هاندەرانیان هەیە کە وەک برا پێکەوە هانی تیپەکانمان دەدەین". 
 
بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لەبەردەم دەرکی سەرا لە ناوەڕاستی شاری سلێمانی ناونووسینی هاندەران دەستپێبکات، دەستەی هاندەرانی یانەی نەورۆز لە کاژێر 8ـی بەیانی تا پێنجی ئێوارە هاندەران ناونووس دەکەن، رۆژی هەینی کاژێر شەشی بەیانی هاندەرانی یانەی نەورۆز بەرەو شاری دهۆک بەڕێدەکەون.