رووداو - هەولێر
زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەسەر دەنگۆی رۆیشتنی رافایێل ڤاران، گارێس بەیڵ و مارسێلۆ، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا هاتە دەنگ.
زیدان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر ڤالێنسیا، لە گەڕی 30ـی لالیگا وەڵامی رۆژنامەڤانانی لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە یانەکەی دایەوە.
راهێنەری ریال مەدرید لەبارەی یارییەکە گوتی، یارییەکەی سبەی زۆر جوان دەبێت، هەموو یاریزانەکان دەیانەوێت بەشداری لە یارییەکەدا بکەن، هەروەها گوتیشی، لالیگا زۆر قورسە، لەپێناو بەدەستهێنانی باشترین پلە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین.
زیدان دەربارەی رۆیشتنی رافایێل ڤاران لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ڤاران بە منی نەگوتووە دەیەوێت بڕوات، بێگومان دەمەوێت ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت، نامەوێت بەبێ ڤاران بین، ئەو یاریزانێکی گەنج و بەتوانایە، ئەو هیچ شتێکی لەبارەی رۆیشتن لە یانەکە نەگوتووە.
لەبارەی دەستبەرداربوون لە گارێس بەیڵ، زیزۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی، لە کۆتایی وەرزدا بزانین چی روودەات و لەبارەی بەشێکی یاریزانەکان بۆ وەرزی داهاتوو هیچ نیگەران نیم، هەمیشەش دەمەوێت لەگەڵ یاریزانەکان راستگۆ بم، دەربارەی گواستنەوەی هێرشبەرێکیش گوتی، وەرزی داهاتوو دەزانین چی دەبێت.
راهێنەری لۆس بلانکۆس زیاتر گوتی، سەرەتای وەرزی داهاتوو کاری ئێمە دەستپێدەکات، هەموو شتێک دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە ئاشکرادەبێت،
خاوەنی سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ دەربارەی مارسێلۆش قسەیکرد و گوتی، من مارسێلۆم خۆشدەوێت، ئەو یاریزانێکی زۆرباشە و لەهەموو بارودۆخێکدا ئامادەیە، هەمیشە داوای ئەوەی لێدەکەم باشترین پێشکەشبکات و پێویستیمان بە مارسێلۆ هەیە، دەمەوێت زیاتر یاریی بکات.
زیدان دەربارەی بەشدارییکردنی لوکای کوڕی لە یاریی رابردوودا رایگەیاند، لوکا کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، ئەو هێشتا تەمەنی 16 ساڵە، ئەو تەنیا یاریزانێکی یانەکەیە و بەشدارییکردنی لە یارییەکاندا هیچ پەیوەندییەکی بە بڕیاری تاکەکەسییەوە نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ