ڤیدیۆ؛ یانەیەکی باکووری کوردستان نزیکە ببێتە پاڵەوانی تورکیا و درێسەکانی بەرناکەون
رووداو دیجیتاڵ
یانەی باتمان پەتڕۆڵسپۆری باکووری کوردستان، لەبەردەم هەنگاوێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی بگاتە خولی پلە یەکی تورکیا و مێژووییەکی گەورە بنووسێتەوە.
یانەکە ئێستا لە خولی پلە دووی تورکیا یاریی دەکات و خۆی بۆ یارییەکی زۆر گرنگ ئامادەدەکات و درێسەکانی یانەکە خواستێکی زۆری لەلایەن هاندەرانەوە لەسەرە.
عەبدولسەلام ئاکانجی، پەیامنێری رووداو چووەتە باتمان و دەڵێت "باتمان پەتڕۆڵسپۆر دوای 25 ساڵ دەگاتە خولی پلە یەکی تورکیا، لە باتمان هاندەران بەلێشاو داوای درێسەکانی یانەکە دەکەن و ئامادەکارییەکی زۆر کراوە بۆ یارییەکەیان رۆژی شەممە."
پەیامنێری رووداو دەڵێت "کەمپینێک راگەیێنراوە بۆ ئەوەی هاندەران بە 15 هەزار درێسی یانەکەوە بچنە یاریگە، لەنێو شوێنە گشتییەکانی شارەکەشدا هەمووان چاوەڕێی بردنەوەی یانەکەیان دەکەن و هاندەران بەلێشاو سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە درێسی یانەکە دەفڕۆشن."
یەکێک لە هاندەرانی یانەی باتمان پەترۆڵسپۆر بە رووداوی گوت "ئەمساڵ یانەکەمان زۆر پێشکەوتن، ئامەدسپۆر دەچێتە سوپەرلیگ و شوێن بۆ ئێمەش دەکاتەوە بچینە پلە یەک، با یاریزانەکانەکانی وەکو ئێمبای دیانێ و مۆرێنۆ بداتە تیپەکەمان و یاریزانی نوێ بۆ خۆیان بکڕن."
لەبارەی ئەو کەمپینەی کراوەتە ئەو هاندەرەی باتمان دەڵێت "ژمارەیەکی زۆری هاندەر درێسەکانی یانەکە دەکڕن و هیوادارین زۆر زیاتر لە 15 هەزار درێسی یانەکە بفرۆشین."
یەکێکی دیکە لە هاندەرانی باتمان پەتڕۆڵسپۆر چووەتە شوێنی فرۆشتنی درێسەکانی یانەکە و دەڵێت "هەشت درێسی یانەکە دەکڕم بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە و هەشت دەبەی تایبەتی یانەکەش دەبەمەوە."
ئەو هاندەرە قسە بۆ عەبدولسەلام ئاکنجی دەکات و دەڵێت "لە ئێستاوە هەشت بلیتی یارییەکەشم کڕیووە و رۆژی شەممە دەچمە یاریگە بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکە."
رۆژی شەممە یانەی باتمان پەتڕۆڵسپۆر لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولی پلە دووی تورکیا میوانداریی یانەی مولگا دەکات.
یارییەکە لە باتمان بەڕێوەدەچێت، ئێستا باتمان پەتڕۆڵسپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 73 خاڵ، بە جیاوازیی 8 خاڵ لە پێش خاوەنی پلەی دووەمە و یانەکەی باکووری کوردستان بەبردنەوەی یارییەکە بە تەواوی لە بردنەوەی خولی پلە دووی تورکیا نزیک دەبێتەوە.
تەنیا 5 یاریی ماون رکابەرییەکانی خولی پلە دووی تورکیا کۆتاییبێن، باتمان پەتڕۆڵسپۆر لەم وەرزەدا تەنیا 2 یاریی دۆڕاندووە، خاوەنی 22 بردنەوە و 7 یەکسانبوونە، یانەکە بەهێزترین هێڵی هێرشبەری هەیە و 73 گۆڵی تۆمارکردووە.