رووداو – هەولێر
بە فەرمی یانەی مارسیلیا گرێبەسی پاتریس ئێڤرای یاریزانی یانەکەی هەڵوەشاندەوە.
دوای ئەوەی لە یاری دوێنێدا، لە نێوان یانەی مارسیلیای فەرەنسی و ڤیتۆریا گیمارێشی پۆرتوگالی لە یۆرپا لیگدا، پێش دەستپێکردنی یارییەکە دەمەقاڵێ لە نێوان ئێڤرا و هاندەراندا درووستدەبێت و دواتر قسەی نەشیاو بە یەکدی دەڵێن و بێڕێزی بەرامبەر یەکدی دەکەن، دواتر ئێڤرا تووڕەدەبێت و و کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و بە شەق لە هاندەرێک دەدات.
ناوبژیوانیش پێش دەستپێکردنی یارییەکە ئاگاداری رووداوەکە دەبێت و بەبێ ئەوەی یاریزانی فەرەنسییەکە تەنیا چرکەیەکیش یاریبکات بە کارتی سوور دەیکاتە دەرەوە.
یوێفا لێژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەم بارەیەوە نەداوە، لەلایەن خۆیەوە یانەی مارسیلیا ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی ئەم رووداوەوە بە فەرمی گرێبەستی کاپتنە 36 ساڵییەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
لە یارییەکەشدا مارسیلیا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی بە ڤیتۆریا گیمارێش دۆڕاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ