ریال مەدرید دۆڕا و مایۆرکا هیوای مانەوەی زیندوو کردەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن ریال مەدرید لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ڤێدات مۆریکی، هێرشبەری یانەی ریال مایۆرکا، لە کاتی زیادکراوی گۆڵێکی کوشندەی لە تۆڕی ریال مەدرید تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی دراماتیکی و مێژوویی بە یانەکەی بەخشی، کە بەهۆیەوە هیوای مانەوەی یانەکەی لە لالیگا بە زیندوویی هێشتەوە.
 
لە بەرامبەردا، ریال مەدرید تووشی شکستێکی نوێ بوو لە لالیگا، ئەمەش تەواوی پلانەکانی ئەلڤارۆ ئەربێلۆی راهێنەری تێکدا بۆ گەیشتنەوە بە یانەی بارسێلۆنای پێشەنگ و هەڵگری نازناوەکە، کە بڕیارە ئەمشەو لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببێتەوە.
 
ریال مایۆرکا لەنێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا بە پلانێکی هێرشبەرانە دەستی پێکرد و گوشارێکی زۆری خستە سەر گۆڵەکەی مێرێنگی، کە توانییان بۆ ماوەی 40 خولەک پارێزگاری لە خاوێنی تۆڕەکەیان بکەن.
 
گوشاری یاریزانانی مایۆرکا لە خولەکی 39دا بەرهەمی هەبوو، کاتێک مۆرلانیس دوای هێرشێکی رێکخراو و کۆنتڕۆڵێکی بێوێنەی تۆپەکە، توانی یەکەم گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات و بە لێدانێکی بەهێز بۆ گۆشەی راستی گۆڵەکە، یانەکەی پێشبخات.
 
گۆڵەکەی مۆرلانیس ورەیەکی زیاتری بە یاریزانانی مایۆرکا بەخشی و لە گێمی دووەمیشدا لە هێرشەکانیان بەردەوام بوون، لە کاتێکدا ریال مەدرید هەوڵی دەدا بگەڕێتەوە ناو کەشی یارییەکە، بەتایبەت لە رێگەی کیلیان ئێمباپێ.
 
ئێمباپێ لە خولەکی 65دا لێدانێکی بەهێزی ئاڕاستەی گۆڵ کرد بەڵام گۆڵپارێزی مایۆرکا گەڕاندیەوە، دوای چەند خولەکێکیش لێدانێکی دیکەی تاقیکردەوە بەڵام بەسەر شیشی گۆڵ رۆیشت.
 
تەنیا 2 خولەک پێش کۆتایی هاتنی کاتی یاسایی یارییەکە، ئێدێر میلیتاو، کە دوای 4 مانگ دابڕان گەڕاوەتەوە، بە لێدانێکی سەری ورد گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کردە 1-1.
 
لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی کۆتایی هاتنی یارییەکە بوون بە یەکسانبوون، ڤێدات مۆریکی لە خولەکی 90+1ـی کاتی زیادکراودا گۆڵێکی کوشندەی تۆمارکرد و جارێکی دیکە پێشکەوتنی بە یانەی خاوەن یاریگا بەخشی و یارییەکە 2-1 لە بەرژەوەندی مایۆرکا کۆتایی هات.
 
بەم شکستە، کۆی خاڵەکانی ریال مەدرید لە 69 خاڵدا و لە پلەی دووەم مایەوە، بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ئەگەر بارسێلۆنا لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بباتەوە، جیاوازییەکە بۆ 7 خاڵ زیاد دەکات. لە بەرامبەردا، ریال مایۆرکا خاڵەکانی گەیاندە 31 خاڵ و سەرکەوت بۆ پلەی 17، بەمەش هەنگاوێکی گەورەی نا بۆ دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە