هه‌رێز جه‌مال
رووداوى وه‌رزشى ـ سلێمانى
به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیه‌تى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى تازه‌پێگه‌یشتووانى جیهان، كچه یاریزانێكى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى ده‌چێته وڵاتى كینیا. چه‌ند یاریزانێكی دیكه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ش بۆ به‌شداریكردن پاڵه‌وانیه‌تى ئاسیا و پاڵه‌وانیه‌تى وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌چنه هیندستان و تونس.
زه‌یدون جه‌واد، ئه‌میندارى فیدراسیۆنى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى عێراق به (رووداوى وه‌رزشى) گوت "هه‌ڵبژارده‌ى عێراق رۆژى 8/7/2017 گه‌شتى نایرۆبیی پایته‌ختى كینیا ده‌كات به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردنى له پاڵه‌وانیه‌تى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى تازه‌پێگه‌یشتووانى جیهان، كه رۆژانى 12 و 16ى ئه‌م مانگه له‌و وڵاته به‌ڕێوه‌ده‌چێت".
بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژووى باشوورى كوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌كى فه‌رمى له‌لایه‌ن فیدراسیۆنى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى جیهانه‌وه ده‌زگایه‌كی راگه‌یاند بانگهێشت بكرێت، كه (تۆڕى میدیایى رووداو)ه.
زه‌یدون ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه عێراق به 3 یاریزان به‌شداره، یه‌كێك له‌و یاریزانانه مریه‌م عه‌بدولحه‌میدى خانمه یاریزانى بازى به‌رزى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانییه.
هاوكات هه‌ڵبژارده‌ى پێشكه‌وتووانى هه‌ڵبژارده‌ى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى عێراق رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو به‌ره‌و وڵاتى هیندستان گه‌شتى كرد به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیه‌تى ئاسیا بۆ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان.
دكتۆر زه‌یدون جه‌واد، سه‌باره‌ت به به‌شداریكردنی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا گوتى "پێكهاته‌ى عێراق بۆ هیندستان له چه‌ندین یاریزانى پاڵه‌وان پێكهاتووه، له‌نێو ئه‌و یاریزانانه‌ش سه‌ركان به‌كر و بارى عامرى یاریزانانى یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى هه‌یه كه له یارى یه‌ك بازدا به‌شدار ده‌بن".
بڕیاره له رۆژانى 6 و 9ى مانگى داهاتوو له هه‌رێمى ئۆدیشه‌ى وڵاتى هیندستان 22هه‌مین پاڵه‌وانیه‌تى ئاسیا بۆ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان ده‌ستپێبكات. 45 وڵاتى كیشوه‌ره‌كه به‌شداری له یارییه‌كانى پاڵه‌وانیه‌تى ئاسیا بۆ گۆڕه‌پان و مه‌یدان ده‌كه‌ن و ركابه‌رییه‌كان له‌سه‌ر 28 یارى جیاواز له‌سه‌ر ئاستى كوڕان و كچان ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها هه‌ردوو یاریزان، دڵسۆز عوبێدى یاریزانى سیروانى نوێ و بژان خۆشه‌ڤی، له ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه گه‌شتى وڵاتى تونس ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له پاڵه‌وانیه‌تى وڵاتانى عه‌ره‌بى. چه‌ند رۆژێكیشه هه‌ڵبژارده‌ى ئافره‌تانى عێراق له شارى سلێمانى كه‌مپێكى مه‌شق و راهێنانى كردووه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستى ئاماده‌كارى بۆ به‌شداریكردن له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌و ده‌سته‌به‌ركردنى مه‌دالیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ