پێشمەرجى هەر ڕاهێنەرێکى سەرکەوتوو، سەرکێشى و بوێرییە، ئەمە جیا لە کۆى ڕەهەندە گرنگەکانى وەک تەکتیک و دیراسەکردنى سات بە ساتى دۆخى تیپ و چۆنییەتى دەستنیشانکردنى خاڵى لاواز و بەهێز، هەروەها زاڵبوون بەسەر کەشى تیپەکە و ژوورى جلگۆڕین.
گرنگە ڕاهێنەر خاوەن بڕیارى کۆتاییى بێت و کەس بوێرى ئەوە نەکات بۆچوونى خۆى بەسەردا فەرز بکات، یان ڕاهێنەر خۆى لە ئاست گەورەیی ئەستێرەکانیدا نەبینێت و چەندین مەرجى پێویستى دیکە بۆ هەر ڕاهێنەرێکى سەرکەوتوو. ئەوەى من دەمەوێ سەرنجى خۆمى لەسەر بخەمە ڕوو وردبوونەوەیە لە ڕۆڵى لویس ئێنریکى ڕاهێنەرى بارسێلۆنا لە پێوەندیى بە سێ سووپەرستارى تیپەکەوە «MSN».
مێسى، سوارێز و نێیمار کاریگەرییان فەزڵیان ڕۆڵیان لە سەروو سەرجەمە یاریزانەکانى یانەکەوەیە، چارەنووسى بارسێلۆنا بە ئیرادەى ئەم سێ ئەستێرەیەوە بەستراوەتەوە، بەڵام بوونى ئەم سێ یاریزانە لەگەڵ هەموو کاریگەرییەکیان، دیوێکى زیانبەخشیان بۆ ڕۆڵى ڕاهێنەر هەیە، لە چۆنییەتى گۆڕینى پلانى بارسێلۆنا، بۆ نموونە ئاسان نییە ئێنریکى بڕیار بدات هەر یەکێک لەم سێ یاریزانە لەسەر کورسیى یەدەگ دانیشێنێت، ئاسان نییە قایلیان بکات ڕۆڵى هێرشبەر نەبینن.
لە دۆخێکى لەم چەشنە، کە بارسێلۆنا چ بە سەرکەوتن و چ بە یەکسانبوون و شکست ئاستێکى باشى پێشکەش نەکردووە، پێوست بوو ڕاهێنەر بیر لە پلانى بى و سی بکردایەتەوە، بەتایبەت لە دۆخێکى لەم چەشنە، کە هێڵى ناوەندى تیپەکە، کە خاڵى هەرە بەهێز و کاریگەر بوو، ئێستا بووە بە خاڵى هەرە لاوازى یانەکە، بەڵام نەبوونى ئەستێرەى کاریگەر و پێکرانى ئینێستا و وازهێنانى چاڤى وایکردووە، کەلێنێکى گەورە لە ناوەند دروست بێت، ئەمەیش هۆکارە بۆ تێکچوونى هاوسەنگى هێڵى هێرشبەرى و بەرگریى، بەڵام لە ئاست داڕمانى ئاستى هێڵى ناوەند، ڕاهێنەر هیچ چارەیەکى نییە و تواناى یاریزانە نوێیەکان و یەدەگەکان یارمەتیدەر نین تا باڵانسى هێز بۆ هێڵى ناوەند بگەڕێنێتەوە، بەجۆرێک بەو ئاستە پڕ لە کارەساتاوییەوە هێشتا ئامادە نییە بسێرجیۆ بۆسکێس لەسەر کورسیى دانیشێنێت.
بوونى ئەم سێ یاریزانەى هێڵى هێرشبەرى و لاوازى ئێنریکى لە جورئەتى بڕیاردان وایکردووە، نەتوانێ بۆ تەنیا یارییەک یەکێک لەم سێ هێرشبەرە بگەڕێنێتەوە بۆ هێڵى ناوەند تا پردى پێوەندیى لەنێوان هێڵى ناوەند و هێرشبردن دروست بکات، باشترین کەسێک بۆ ئەم ڕۆڵە لیۆنێل مێسى باشترین یاریزانى جیهانە، بەڵام ئاسان نییە بۆ ئێنریکى بتوانێ داوایەکى لەو چەشنە لە مێسى بکات، یان ئەفسانەکەى تانگۆ بە وەها داواکارییەک ڕازى بێت. واتە نە ئێنریکى جەسارەتى خۆفەرزکردنى بەسەر مێسى هەیە و نە مێسیش ئامادەیە دەستبەردارى ڕۆڵى خۆى بێت وەک گۆڵکەر و فریادڕەسى یانەکە.
قسە ئەوەیە بۆ ئەو یارییەى بارسێلۆنا لە هێڵى ناوەند ڕووبەڕووى فشارى هێزى هێڵى ناوەندى تیپى دژبەر دبێتەوە، خۆ لانیکەم بۆ ئەو یارییانە دەتوانێ ڕۆڵى نێیمار و مێسى لە هێرشبەرەوە بگۆڕێت، بەڵام وەرزى یەکەمى دەستبەکاربوونى وەک ڕاهێنەر و بەدیاریکراوى لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕیاڵ سۆسیێداد مێسى و نێیمارى لەسەر کورسیى یەدەگ دانشاند، ئەوەبوو ئەو بڕیارە بە زیانى و لاوازبوونى ئێنریکى لە بەرانبەر ئەستێرەکانى کۆتاییى پێ هات، بەجۆرێک لەوساتەوە تا ئێستا نە دەتوانێ هیچ بڕیارێک بەسەر ئەم سێ یاریزانە بسەپێنێت، نەک ناتوانێ لەسەر کورسیى یەدەگ دایانشێنێت، بەڵکو ناتوانێ شوێنى یاریکردنیشیان بگۆڕێت، یەک دوو یاریى جێگۆڕکێ بەسەر شوێنى یاریکردنیاندا هات، ئەویش بەدیاریکراوى لە یاریى یانەکە بوو بەرانبەر یانەى سیڤییا، بەڵام وا تەسەورد دەکەم ئەمە ڕێککەوتنى نێوان ئێم ئێس ئێن خۆیان بێت، چونکە ئەو بیرۆکەیە یەک جار ئەنجامدراو بۆ هیچ یارییەکى دیکە دووپاتە نەبووەوە. دەمەوێت بڵێم لاوازى ئێنریکى لە بڕیاردان، نەبوونى بیرۆکەى نوێ لاى ئەم ڕاهێنەرە، نەبوونى لاپنى بى و سی.
خۆفەرزکردنى ئێم ئێس ئێن دەستى ئێنریکى بۆ گۆڕانکاریى بەستووە، هاوکات زیانى لە بارسێلۆنا داوە کە هەموو پلان و تەکتیک و تەنانەت شوێنى یاریکردنى یاریزانەکانیشى بۆ تیپى بەرانبەر بووە بە شتێکى ئاشکرا و هیچ پلانێکى ئێنریکى بۆ ڕاهێنەرى بەرانبەر موفاجەئە نییە، چونکە ڕاهێنەر هیچ چارەیەکى نییە بەهۆى بەشداریى هەمیشەیى سێ هێرشبەرەکە هەر پلانێک دابنێت دەبێ لەگەڵ سێ هێرشبەر بیگونجێنێت. بۆ نموونە، تەنیا دەتوانێ لەنێوان ٤-٣-٣ و ٣-٤-٣ جوڵە بە شوێنى یاریزانەکانى بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ