رووداو - هەولێر
هەڵبژاردەی کوردستان بۆ ئامادەکاریی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەرێمی ئیلان ڤانینی ئێرلەندا دەستی بە راهێنان کردووە و راهێنەری هەڵبژاردەكەش دەڵێت دەمانەوێت نەوەیەكی نوێ درێسی هەڵبژاردەكە بپۆشن و گۆڕانكاری دروستبكەن.
سەرەتای راهێنانی تیپەکە لە ناو یاریگای دووەمی فڕەنسۆ هەریری پایتەختی کوردستان بە سەرپەرشتی سلێمان رەمەزانی راهێنەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەڕێوەچوو، کە ١٩ یاریزان بۆ پێکهاتەکە بانگهێشتکراون.
سلێمان رەمەزان راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ئەمساڵ تیپەكەمان نوێكردووەتەوە و چاومان لەوەیە نەوەیەكی نوێ درێسی هەڵبژاردەی كوردستان بپۆشن و گۆڕانكاری لە تیپەكە دروست بكەن.
هەروەها گوتی: ئامانجمانە تیپێكی بەهێز و بناغەیەك بۆ داهاتووی هەڵبژاردەكە دروست بكەین.
یارییەکەی هەڵبژاردەی کوردستان بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری داهاتوو ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە باشووری کوردستان بە قەیرانێکی قوڵی دارایی تێپەڕ دەبێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان گەشبینە بە بوونی پاڵپشتی دارایی بۆ خەرجیی شاندەکەیان بۆ گەشتی ئێرلەندا.
سیروان نەجمەدین ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان و سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لە ئیرلەندا گرنگی تایبەتیی خۆی هەیە و ئێمە گەشبینین حكومەتی كوردستان پاڵپیشتیی تیپەكە بكات و خەرجییەكانی ئەو گەشتەكە دابین بكات.
بەپێی ئەو پڕۆگرامەی داندراوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی کوردستان هەفتانە دەچنە ناو دوو یەکەی راهێنان، ئەوان چاویان لەوەیە یارییەکی بەهێز بەرامبەر ئیلان ڤانین پێشان بدەن و پێشکەوتنی تۆپی پێی کوردستان بە هاوتا ئێرلەندییەکەیان بناسێنن.
لە چەند ساڵی پێشوودا هەڵبژاردەی کوردستان بەشداریی چەندین پاڵەوانیەتیی کردووە، کە زیاتر لەسەر ئاستی هەرێمەکان بووە و ئەنجامی باش و بەرچاویشی بەدەستهێناوە، تەنانەت لە پاڵەوانیەتیی نێودەوڵەتی فەڵەستین بەشداریی کرد و وەکو تیپی وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ کرا و ئاڵای خۆی بەرزکردەوە، بەڵام دەگوترێت ئاستی ئەو تیپانەی کوردستان یاریی لەگەڵ کردوون لاواز بووە.
بۆ ئەمەش بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان وەڵامیان ئەوەیە، کە هەڵبژاردەی کوردستان بە فەرمی لەلایەن فیفاوە نەناسراوە، بۆیە ناتوانن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەک یاریی بکەن و لە هەمان کاتدا هەموو هەڵبژاردەیەکیش ئامادە نییە لەگەڵ تیپێک یاریی بکات، کە ئەندامی فیفا نەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ