رووداو - هەولێر
داهاتووی سریچکۆ کاتانیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردەکە دیارنییە، کە ئایا لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوام دەبێت، یانیش دووردەخرێتەوە.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا کرایە دەرەوە، بەردەوامبوونی کاتانیچ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کاردانەوە و دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
دەربارەی ئەو راهێنەرە سلۆڤینییە رای جیاواز هەن، هەندێک لەو کەسانەی شارەزای تۆپی پێی عێراقن و لە هەڵبژاردەکە نزیکن، پێیان وایە کاتانیچ لە ماوەیەکی کەمی راهێنەرایەتییدا لەگەڵ عێراق توانیی هەڵبژاردەیەکی باش دروستبکات و کرانە دەرەوەی هەڵبژاردەکەش لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، لەسەر دەستی هەڵبژاردەی قەتەر بە شتێکی ئاسایی دەزانن.
بەشێکی ئەوانەی دەربارەی هەڵبژاردەکە قسەدەکەن، وای دەبینین پێویستە کاتانیچ لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامدەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر شارەزای هەڵبژاردەکە و یاریزانەکان ببێت.
مانەوەی راهێنەرە سلۆڤینییەکە لەگەڵ عێراق بۆ پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی 2022ـی قەتەر سوودی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە بەشێکی شرۆڤەکارانی وەرزشی عێراق، پێیان وایە کاتانیچ کەسایەتییەکی بەهێزی نییە و ناتوانێت هەڵبژاردەکە بەرەو ئاقارێکی باش ببات.
پێشتر یونس مەحموود، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکەش رایگەیاندبوو، کە عێراق پێویستی بە راهێنەرێکی باشتر لە کاتانیچ هەیە، بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەکە بکات.
جگە لە راهێنەری هەڵبژاردەکە، رای سێیەم ئەوەیە کە دەبێت عێراق بیر لە دەستەی کارگێری و پزیشکی هەڵبژاردەکەش بکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەدێت کە لە یاریی بەرامبەر قەتەر سێ یاریزانی هەڵبژاردەکە تووشی پێکانبوون و لە رووی جەستەییەوە یاریزانەکان کێشەیان هەبوو.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەبارەی هۆکارەکانی دەکردنی عێراق لە جامی ئاسیا و داهاتووی راهێنەری هەڵبژاردەکە ئەنجامداوە، هەریەکە لە یەحیا عەلوان، ئەکرەم سەلمان و خەلەف کەریم بوونە ئەندامی لیژنەی راهێنەران لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و رایان بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە، لە ئەگەری دوورخستنەوەی کاتانیچ بە هەند وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ