ڤیدیۆ؛ تەرمی جۆتا لەنێو رێزلێنانێکی مەزندا بەڕێکرا

05-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
پرسەی جۆتا
پرسەی جۆتا
نیشانەکردن پرسەی جۆتا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای دوو رۆژ لە گیان لەدەستدانیان، تەرمی دیۆگۆ جۆتا و براکەی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی دەیان ئەستێرەی بەنێوبانگ بەڕێکرا و بەخاکسپێردرا.
 
رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی لیڤەرپوول و ئاندرێ سیلڤای برای لە کەنیسەی ئیگرێجا ماتریز لە شارۆچکەی گۆندۆماری پۆرتوگال بەڕێوەچوو کە ماڵێکی دیۆگۆ جۆتا لەوێیە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەکە لە رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال، ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، ئەستێرەکانی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی لیڤەرپوول ئامادەبوون و بۆ دوایینجار ماڵئاواییان لە هاوڕێکەیان کرد.
 
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە لەسەر رێگەیەکی شارەوانیی پالاسیۆس دی سانبریا لە پارێزگای زامۆرای ئیسپانیا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا ئۆتۆمبێلی دیۆگۆ جۆتا گڕی گرت و خۆی براکەی گیانیان لەدەستدا.
 
دوای ناسینەوەی تەرمی هەردوو براکە لەلایەن کەسوکارەکانیانەوە، هەردووکیان بەرەو پۆرتوگال بەڕێکرانەوە.

 
هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ولڤەرهامپتۆنی ئینگلیزی بە جیا لەبەردەم یاریگەی یانەکانیان پرسەیان بۆ ئەو یاریزانە دانا و دەیان یاریزان و هەزاران هاندەر تاجە گوڵینەی وەفایان بۆ یاریزانەکە دانا.
 
رۆژی هەینی مارسێلۆ رێبێلۆ دێ سۆزا، سەرۆکی پۆرتوگالیش بەشداریی لە پرسەی ئەو یاریزانەدا کرد.

 
ئەوەی لەنێو بەشداربووانی رێوڕەسمەکەدا زیاتر لە هەمووان سەرنجی میدیای راکێشا، بەشداریکردنی رۆبن نێڤێس بوو، لەکاتێکدا شەوی هەینی بەکاتی باشووری کوردستان لە ئەمریکا یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی بە درێسی یانەی هیلالەوە ئەنجامدا، دوای یارییەکەش راستەوخۆ گەڕایەوە پۆرتوگال و لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی هاوڕێکەیدا ئامادەبوو.








کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە