بکوژێکى لێزان و خۆکوژێکى نەزان

05-11-2014
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
نیشانەکردن لێڤەرپووڵ
A+ A-


یانەى ڕیاڵ مەدرید بە ئەنجامێکى بەرز نا، بەڵکو بە ئاستێکى بەرز سێ خاڵى یارییەکەى بەدەستهێنا. لێڤەرپووڵ بە ئەنجامێکى خراپ نا، بەڵکو بە ئاستێکى خراپ دووچارى شکست بوو. ئەم یانەیە لەگەڵ بەهێزترین یانەى ئەم ساتەدا، له‌گه‌ڵ پاڵەوانى وەرزى ڕابردوودا، له‌گه‌ڵ براوەى سێ یاریى پێشوودا یاریى هه‌بوو، كه‌چى بەو پێکهاتە ئێجگار ناهاوسەنگەوه‌ چووە نێو یاریگاى سانتیاگۆ بێرنابیۆ وه‌. ئەنچلۆتى توانى لە ٤٥ خولەکى تایمى یەکەمى یارییەکە یاریزانەکانى لێڤەرپووڵ بکات بە تەماشاکەرێکى ماندووكه‌ریى بێ چاره‌، بە جۆرێک یاریگا بچووک کرابووەوە بۆ نیوە یاریگاى لێڤەرپووڵ، بەبێ ئەوەى ڕووداوێک هەبووبێت پەیوەندیى بە ئیکەر کاسیاسەوە هه‌بووبێت، بە پێچەوانەوە بۆ لێڤه‌رپووڵ، گەر سیمۆن مینوێلى گۆڵچى نەبایە، ژمارەیەکى زۆر گۆڵ تۆمار دەکرا. له‌م یارییه‌دا، تەنیا سێ هۆکار یارمەتى لێڤەرپووڵى دا تا بە ئەنجامێکى قورس دووچارى شکست نەبێت. یەکەم ((ئاستبەرزى گۆڵچییەکەى)). دووەم ((ئیقتیسادکردنى ڕیاڵ مەدرید لە خەرجکردنى توانا و وزە بە مەبەستى گەڕانەوە و باشتر خۆ ئاماده‌كردن بۆ جەنگە سەختەکەى لالیگا)). سێیەم ((خۆپەرستى ڕۆناڵدۆ لەپێناو تۆمار کردنى ڕیکۆردێکى نوێ، وه‌ك گۆڵكه‌ریى مێژوویى چامپیۆنسلیگ)).

جیاوازى بارى دەروونى.

یانەى ڕیاڵ مەدرید لە بارێکى دەروونى زۆر باشدایە، بەهۆى ئەو ڕۆحییەتە گەورەى لاى یاریزانانى دروست بووە، ئه‌مه‌ش پاش دوو شکستەکەى بەرانبەر سۆسیداد و ئەتلەتیکۆ مەدریده‌وه‌، گه‌شه‌ى كردووه‌، وه‌ك به‌رزبوونه‌وه‌ى لایه‌نى مه‌عنه‌ویى، ئەوەتا جگە لە بردنەوە بە هیچى دیکە ڕازى نابێت. ڕیاڵ تەنیا پێویستى بە یەک خاڵ هەبوو تا سەرکەوتن مسۆگەر بکات له‌ قۆناغى گرووپه‌كان... لێکگەیشتنێکى زۆر باش لەنێوان یاریزانانى نوێ و پێکهاتەى پێشووى یانه‌كه‌ دروست بووە. هێڵى هێرشبەرى ڕیاڵ لە بەرزترین ئاستى دایە، چونکە هەرکام لە یاریزانانى پێشەوە بگریت، دەتوانێ گۆڵ تۆمار بکات و گۆڵ دروست بکات، هاوکات بە پشتبەستن بە تواناى تاکەکەسى دەتوانن گەورەترین مەترسى لەسەر گۆڵى تیپى بەرانبەر دروست بکەن، هاوکات بە عەقڵییەتى پشەگەریى یاریى دەکەن. ڕیاڵ مەدرید بە کەوتنى ڕکابەرەکانى لە لالیگا، بە تۆمار کردنى گۆڵى زۆر، بە هەستانەوەى ئاستى سەرجەمى یاریزانانى، متمانەبەخۆبوونێکى گەورەیان بۆ دروست بووە.

دۆخى دەروونى یاریزانانى لێڤەرپووڵ لە نزمترین ئاستیدایە. ئەم یانەیە، یەک دونیا گرێى گەورە و ترسناکى بۆ دروست بووە، لە خولى ئینگلیزى لە کێبەرکێ دوورکەوتۆتەوە، تواناى ململانێى یانە بەهێزەکانى خولى ناوخۆى نەماوە. هێرشبەرەکانى مانیان گرتووە لە گۆڵ تۆمارکردن، هیچ جۆرە ئینسیجامێک لەنێوان یاریزانانى یانەکە، لەنێوانى هێڵى بەرگرى و ناوەند و هێرشبەرى بەدى ناکرێت. ڕاهێنەر تووشى ڕاڕاییەکى زۆر بووە. تیاماوە بە کێ یاریى بکات و کێ دانیشێنێ له‌سه‌ر كورسیى یه‌ده‌گ. ئەنجام و ئاستى لە چامپیۆنسلیگ لە ئاست چاوەڕوانى کەسدا نییە، ئەوەتا لە کۆى چوار یاریى، سێ یاریى دووچارى شکست بووە، ئەمشەویش هیچ ڕێگەیەکى دیکەى لەبەردەم نەبوو، جگە لە بەدەستهێنانى سێ خاڵى یارییەکە، هەربۆیە یاریزانان و راهێنەر لە دۆخێکى دەروونى خراپدا بوون، چونکە ئەو ڕاستیەیەیان دەزانى بەو حاڵەوە ڕووبەڕووى ڕیاڵ مەدریدى ترسناک بیتەوە زەبرى کوشندەیان بەردەکەوێت.

نەبوونى ئەزموون و هەبوونى ئەزموون

یانەى لێڤەرپووڵ بەپێکهاتەیەک یاریى دەکرد، كە لەگەڵ یانەکانى ناوەڕاستى خانەبەندیى خولى ئینگلیزیش یاریى بکردایە چاوەڕوانى بردنەوەى لێ نەدەکرا، ئاخر ئەو چ سەرکێشییەکە بە ژمارەیەک یاریزانى سەر کورسى یەدەگ یاریى بکەت بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید؟ ئەوە چ خۆکوشتنێکە، پێکهاتەیەک بخەیتە بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید، کە هیچ ئەزموونێکى ئەوتۆیان نه‌بێ لە چامپیۆنسلیگ؟ هاوكات بریندان ڕۆدجێرز، هیچ جۆرە ئەزموونێکى کارى ڕاهێنەرى نییە لە چامپیۆنسلیگ، جگە لەم چوار یارییەى ئەم وەرزە، کە سیانیان شکستخواردوو بووە. ئەنجامە خراپەکەى لێڤەرپووڵ لە چامپیۆنسلیگ و پرێمەرلیگ دۆخێکى هێناوەتە پێش، کە بریندان ڕۆدجێرز نازانێت متمانە بە تواناکانى کام یاریزان بکات... ئەمشەو ویستى ڕیاڵ مەدرید و ئەنچلۆتى تووشى موفاجەئە بکات بەو پێکهاتەیە، بەڵام ئەمە لەگەڵ کێ؟ لەگەڵ ئەنچلۆتى، کە بەشى زۆرى تەمەنى ڕاهێنەرى و ئەزموونى لە چامپیۆنسلیگ بووە یان یاریزانەکان، کە زۆربەیان ئەستێرەى بەنێوبانگى جیهانین و کامەیان دەگریت ژمارەیەکى گەورەى دونیاى تۆپى پێیە؟ ئەوە چ خۆکوشتنێکى نەزانانە بوو. ئەمە چ بڕیارێکى عاقڵانەیە، لە یارییەکى وەها چارەنووسسازدا بەشداریى بە کۆتینهۆ، ستێرلینگ، ستیفەن جیرارد و لۆڤرین، نەکەیت؟ بە کورتى شکستى لێڤەرپووڵ تەنیا شکستى پلان و تەکتیکى ڕاهێنەر نییە، بەڵکو شکستى هەڵەکانى مۆر کردنى گرێبەستیشه‌ لەگەڵ یاریزانان لە چەند ساڵى پێشوودا، کە جگە لە گرێبەستى سوارێز و ستۆریچ، لە هیچ کام لە هێنانى یاریزاناندا سەرکەوتوو نەبوون. بە کورتى بریندان ڕۆدجێرز یارییەکەى کوشت، ڕیاڵ لێڤەرپووڵى خستە دۆخێکى سەختەوە، ئەرکى سەرکەوتنى زەحمەتتر کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە