رووداو - هەولێر
یانەی بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی گەڕاندنەوەی کارلۆس تێڤێز، هێرشبەری پێشووی یانەکەی بۆ جاری سێیەم بۆ یانەکە راگەیاند، دوای ئەوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ شەنگەهای شینهوای چینی کۆتاییهات.
مانگی داهاتوو یاریزانە 34 ساڵەکە پەیوەندی بە ریزەکانی پێکهاتەی گێلێرمۆ بارۆس سکێلۆتۆ دەکات و خۆی بۆ وەرزی نوێی خولەکە ئامادەدەکات.
یانە ئەرجەنتینییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی نووسیوویەتی، تێڤێز گەڕایەوە ماڵەکەی، یاریزانەکە پەیوەندیی بە تیپەکەوە کردووە و ئێستا لای هاوڕێکانیەتی لە کۆمەڵگەی کاردالیس کە شوێنی تایبەتی راهێنانەکانی یانەکەیە.
بۆکا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی گرێبەستی هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە رانەگەیاندووە، یانە چینییەکەش بەهەمان شێوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.
کارلۆس تێڤێز سەرەتای یارییکردنی لە یانەی بۆکا جونیۆرز بوو لە ساڵی 2001 تاوەکو 2004 دوای ئەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی کۆرێنچیانزی بەرازیلی کرد، دوای ئەوەش چووە وێستهام یونایتد و لەوێشەوە بۆ هەردوو یانەکەی مانچێستەر یارییکرد.
ساڵی 2013 یاریزانەکە پەیوەندیی بە یانەی یوڤێنتوس کرد و لە 2014 و 2015 خولی ئیتاڵیای لەگەڵ یانەکە بردەوە، پاشان جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆکا جونیۆرز.
لە سەرەتای ساڵی 2017 تێڤێز پەیوەندیی بە یانەی شەنگەهای چینی کرد و نازناوی جامی یەکێتی چینی لەگەڵ یانەکە لە ساڵی رابردوودا بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ