زانیاری نوێ و مەترسیدار لەسەر پێکانەکەی ئێمباپێ

دوێنێ کاژێر 12:54
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆژنامەڤانێکی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ئاشکرای دەکات کە پێکانەکەی ئەم دواییەی کیلیان ئێمباپێ بەهۆی کەمتەرخەمیی خۆی و دەستەی هونەری یانەکە بووە و دەڵێت "پێشتر کیلیان پێکانی هەبووە، بەڵام لە پەرۆشی شکاندنی ریکۆردی کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرکێشی کردووە و پێکانەکەی تەشەنەی کردووە".
 
میگێل ئانخێل دیاز لەبارەی پێکانی کیلیان ئێمباپێ  زانیاری ورد و نوێ دەخاتەڕوو، دەڵێت "ئێمباپێ لە یاریی سێلتا ڤیگۆ تووشی پێکان بوو، دواتر یاریی مانچێستەر سیتی هات و لەو یارییەدا بەبێ خۆگەرمکردن بەشداری کرد".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "دواتر چی روویدا؟ ئەو بەرامبەر ئالاڤێس یاری کرد، و دەیویست ریکۆردی کریستیانۆ بشکێنێت، بۆیە بەرامبەر تالاڤێراش یاری کرد".
 
ئەو رۆژنامەڤانە زیاتر دەڵێت "هەرچەندە لەو باوەڕەدام کە ئەو لەو یارییەدا هەموو توانای خۆی نەخستووەتەگەڕ، بەڵام ئەو دواتر بەرامبەر سێڤیلیاش یاریی کرد. ئەو ساڵەکەی بەم شێوەیە کۆتایی پێهێنا، بەڵام دواتر لە کاتی مەشقە کراوەکان لە ڤاڵدێبێباس هەستی بەخراپی کرد" .
 
ریال مەدرید رایگەیاند کە ئەژنۆی ئێمباپێ سۆڕاوە، بەڵام لەڕاستیدا هێشتا هۆکاری تەواوی ئازارەکەی لە ئەژنۆیدا روون نییە.
 
هەندێک لە میدیاکانی فەرەنسا ئاماژە بەئەگەری پێکان لە یەکێک لە بەستەرەکان دەکەن.
 
ئایا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ یاری دەکات؟ میگێل ئانخێل دیاز دەڵێت "بەلای منەوە ئەمە ئەگەرێکی زۆر زەحمەتە، بەڵام ئەگەری بەشداریکردنی لە یاریی کۆتاییدا هەیە، هەرچەندە لەوانەیە بە یارمەتی دەرزی ئازارشکێن یاری بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە