ڤاڵڤێردی، ریال مەدریدی رزگارکرد لە یەکسانبوون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن سێلتاڤیگۆ یانەی ریال مەدرید لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی لە کاتێکی کوشندەدا گۆڵێکی تۆمارکرد بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی پڕ لە جۆشوخرۆش ببەخشێتە یانەکەی، ریال مەدرید توانی بە ئەنجامی 2-1 لە سێلتاڤیگۆ بباتەوە لە چوارچێوەی گەڕی بیست و حەوتەمی لالیگا.
 
دوای دوو شکستی لەسەریەک بەرامبەر ئۆساسۆنا و پاشان خێتافی، ریال مەدرید چووە نێو یارییەکەی سێلتا ڤیگۆوە بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی سەرکەوتنەکان و کۆتاییهێنان بە بەهەدەردانی خاڵەکان، ئەوەبوو ئۆریلیان چوامینی توانی یەکەم گۆڵی یارییەکە لە خولەکی یازدەدا تۆمار بکات.
 
خاوەن یاریگا لە 10 خولەکی یەکەمدا کۆنترۆڵی یارییەکەیان کردبوو و نزیکتر بوون لە گۆڵ تۆمارکردن، بەڵام چوامینی سوودی لە تۆپێکی گەڕاوە وەرگرت دوای لێدانێکی گۆشە لە خولەکی 11دا و بە لێدانێکی بەهێز لەسەر هێڵی ناوچەی سزا گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمار کرد.
 
گۆڵەکەی چوامینی زۆری نەخایاند، چونکە ئیگلیساسی هێرشبەر گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ خاوەن یاریگا تۆمار کرد دوای هێرشێکی خێرا و هەڵەیەکی کوشندەی بەرگری لەلایەن ئەلیکساندەر ئارنۆڵدەوە، بەمەش ئەنجامی یارییەکە لە خولەکی 25دا یەکسان بووەوە.
 
لە نیوەی دووەمدا، سێلتا ڤیگۆ کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و نزیکتر بوو لە تۆمارکردنی گۆڵ، بەتایبەت لە رێگەی ئەو هێرشە خێرایانەی کە ئاسپاس دەیکردن، بەڵام بەرگری ریال و کۆرتوای گۆڵپارێز توانییان بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەنەوە.
 
لە پێنج خولەکی کۆتایی یارییەکەدا هەلێکی زۆر باش بۆ گۆڵ تۆمارکردن رەخسا کاتێک ئاسپاس تۆپێکی کێشا بە ستوونی راستی گۆڵەکەی ریال مەدریددا.
 
لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو یەکسانبوونێکی نائومێدکەر بۆ ریال مەدرید دەڕۆیشت، فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دوای لێدانێکی بەهێز کە بەر بەرگریکارێکی سێلتا ڤیگۆ کەوت و لە خولەکی چوارەمی کاتی زیادکراودا تۆڕی هەژاند و پێشەنگی بە تیپی شاهانە بەخشی.
 
سێلتا ڤیگۆ نەیتوانی دووبارە بگەڕێتەوە ناو یارییەکە دوای ئەوەی یاریزانانی ریال پارێزگارییان لە ئەنجامەکە کرد و سەرکەوتنیان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بەدەستهێنا. 
 
بەمەش تیپەکە گەڕایەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن و کۆی خاڵەکانی گەیاندە 63 خاڵ، تەنیا یەک خاڵ دوور لە بارسێلۆنا کە شەممە رووبەڕووی ئاتلێتیک بیلباو دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە