رووداو دیجیتاڵ
بەفەرمانی جۆزێ مۆرینیۆ، فێنارباخچە بەفەرمی کار بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی یانەی نەسڕی سعودی و هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکات.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە، کارگێڕیی یانە تورکییەکە دەستیکردووە بە گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ گواستنەوەی ئاندرسۆن تالیسکای یاریزانی بەرازیلی، هێرشبەری یانەی نەسڕی سعودی.
بەگوێرەی رۆژنامەی نێکسوس سپۆرت، بەرپرسانی فێنارباخچە دەستیان کردووە بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە بەرازیلییە، بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا تواناکانی بەدەستبهێنن.
رۆژنامەی ئەکسامی تورکیش رایگەیاندووە، ئاندرسۆن تالیسکا بووەتە ئامانجێکی سەرەکی لە کارنامەی فێناربەخچە، ئەمەش دوای ئەوەی هاندەرانی یانەکە داوایانکردووە لەم هاوینەدا یانەکەیان گرێبەستی زیاتر بکات.
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە ئاشکرایان کردووە، کارگێڕیی فێنارباخچە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانی نەسڕ خێراتر دەکات، پێشبینیش دەکرێت یانە تورکییەکە گوشاری زیاتر بخاتە سەر بۆ رازیکردنی ئەو یاریزانە بەرازیلییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راهێنەری نوێی یانەی فێنارباخچە، جۆزێ مۆرینیۆ، هێرشبەرەکەی نەسڕی بەدڵە و رازییە بیهێننە تیپەکەی، بەو پێیەی دەیەوێت یاریزانی نوێ زیاد بکات بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا تیپێکی رکابەری دروستبکات.
کارگێڕیی یانەی نەسڕ، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردوودا گرێبەستی تالیسکای تەمەن 30 ساڵەی تاوەکو ساڵی 2026 نوێکردەوە، کە لە هاوینی 2021 گرێبەستەکەی واژۆکردبوو، و لە یانەی گوانگژۆ ئێڤەرگراندی چینییەوە هاتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ