خۆری محەممەد سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول بەرەو ئاوابوونە؟



رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، بیری لە فرۆشتنی محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی هەڵبژاردەی میسر و یانەکەی دەکاتەوە لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
 پلانی بۆ فرۆشتنی محەممەد سەڵاح ئەستێرەی میسری داناوە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
بەهۆی ئەوەی لەسەرەتای ئەم وەرزەوە ئاستی یاریزانەکە دابەزیووە و یانەکەش دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت کە نرخی یاریزانەکە بەرزە. ئەمەش وایکردووە کارگێڕی یانەکە بیر لەوە بکاتەوە سوودێکی دارایی گەورە لە فرۆشتنی وەربگرێت، بەتایبەتیش لە سۆنگەی ئەو گرنگییە زۆرەی یانەکانی خولی سعودیە بە تواناکانی دەدەن.
 
گرێبەستی محەممەد سەڵاح لەگەڵ رێدز لە هاوینی 202 کۆتاییدێت، دەنگۆی رۆیشتنی یاریزانەکە لە یانەی لیڤەرپوول زیاتر بووە. یانە ئینگلیزییەکە دەیەوێت پێش ئەوەی بەخۆڕایی لەدەستی بدات، لە رێگەی فرۆشتنییەوە بڕە پارەیەکی باش بەدەستبهێنێت. 
 
لە هاوینی رابردوودا، یانەی ئیتیحادی سعودی دەستەوارەیەکی خەیاڵی بە بڕی 150 ملیۆن پاوەند بۆ گواستنەوەی سەڵاح پێشکێش کرد، بەڵام لەلایەن لیڤەرپوولەوە رەتکرایەوە. ئێستا پێشبینی دەکرێت یانە سعودییەکان جارێکی دیکە بە گرێبەستی گەورەترەوە بگەڕێنەوە بۆ بەدەستهێنانی "فیرعەونە میسرییەکە".
 
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، لەنێو هۆڵەکانی یانەی لیڤەرپوولدا کۆدەنگییەک دروستبووە لەسەر ئەوەی کە کاتی فرۆشتنی سەڵاح هاتووە، تەنانەت ئەگەر یاریزانەکە لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزیش پێشکێش بکات، بەوپێیەی یانەکە دەیەوێت لە هێڵی پێشەوەدا قۆناخێکی نوێ لەگەڵ ئەلیکساندەر ئیساک و هوگۆ ئێکیتیکێ دەستپێبکات.
 
لە چوارچێوەی پلانی ئامادەکاری بۆ قۆناخی دوای سەڵاح، لیڤەرپوول دەستیکردووە بە دیاریکردنی چەند یاریزانێکی بەتوانا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو ئەستێرە میسرییە. بەپێی زانیارییەکان، لیستی یانەکە سێ یاریزانی لاوی لەخۆگرتووە کە بە داهاتوویەکی گەش دادەنرێن لە جیهانی تۆپی پێدا.
 
یەکەمین بژاردە، میشێل ئۆلیسێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییە. ئۆلیسێ کە بە لێهاتوویی و توانای دروستکردنی هەلی گۆڵ کردن ناسراوە، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لیڤەرپوول بە وردی چاودێری دەکات. دووەم و سێیەم بژاردەش لە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە دێن، کە بریتین لە هەردوو یاریزان، دێزیری دۆوێ و برادلی بارکۆلا. ئەم دوو یاریزانە لاوە بە خێرایی و لێهاتوویی تاکەکەسییان ناسراون و دەتوانن ببنە بەشێک لە ستراتیژیەتی داهاتووی یانە ئینگلیزییەکە بۆ هێڵی پێشەوە.
 
چاوەڕوان دەکرێت بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو، چارەنووسی محەممەد سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول یەکلایی بکاتەوە و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەم یانەیەدا هەڵبداتەوە.