پێشنیازێك بۆ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان

07-04-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-


 شه‌مال هه‌مزه‌*

گومانی تێدا نییە کە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەمیشە هەوڵیداوە بەردەوام بێت لە کارو چالاکییەکان و زیاتر خزمەت بە بواری وەرزش بکات، لەو نێوەندەشدا وەرزشی ئافرەتان بەپێی ئەو کۆمەکە ماددی و مەعنەویانەی لەبەردەستی بووە خولەکانی بەڕێوەبردووە، بەڵام ناشکرێت هەموو کارەکان بێ کەموکورتی بن. 

من وەک پسپۆری بواری فیسیۆلۆجیای وەرزشی، دەبینم لە رووی تەندروستی و رێنماییەکانی نیودەوڵەتی، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کەمتەرخەمی کردووە و درکی بە بوارێک نەکردووە لە لایەنی تەندروستی و دیاریکردنی رەگەز، چونکە لە مرۆڤی ئاسایی دوو رەگەزی سەرەکی هەیە کە (نێر و مێ)ن، بەڵام هەندێک لە مرۆڤەکان  هاوبەشن  لە رەگەز واتە دوو رەگەزەن (نێرەموک)، لێرەوە من دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەم بابەتە، كه‌ یەکێتی تۆپی پێی کوردستان درکی بەم بابەتە نەکردووە یان پشتگوێی خستووە، چونکە یاسای تایبەتی خۆی هەیە و دەبێت پەیڕەو بکرێت لە پاڵەوانێتییەکاندا.

ئەم کارە چۆن چۆن ئەنجام دەدرێت؟
 
پێویستە بەر لە پاڵەوانێتییەکان پشکنین بۆ یاریزانان بکرێت لە رووی دیاریکردنی رەگەز و تەندروستی و سەلامەتی و ماددە وزەبەخشەکان. من لێرە ئەوەی دەمەوێت باسی بکەم دوو رەگەزە (نێرەموک) یە. 

رێکارەکان چین و چۆنن؟ 

ئەوانەی شارەزاییان لە بواری فیسیۆلۆجیای مرۆڤ هەیە دەزانن دیارییکردنی رەگەز بە دوو شێوە دەکرێت:

1 ـ پشکنینی توێکاری کە چەند پسپۆرێکی توێکاری ئافرەت وەک لێژنەیەک ئەم پشکنینە ئەنجام دەدەن و ئەنجامەکەی دەدەنەوە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان.

2 ـ پشکنینی فیسیۆلۆجیا کە پسپۆرانی بواری فیسیۆلۆجیا لە تاقیگە ئەنجامی دەدەن بە پشکنینی هۆرمۆناتی (Testosterone)،  کە نابێت رێژەکەی لە 10% زیاتربێت. چونکە گەر زیاتر بێت لەو رێژەیە ئەوە رێگە نادرێت لەگەڵ رەگەزی ئافرەتان کارو چالاکی بکات و  بەشداری لە پێشبرکێکان بکات. 

لێرەوە دەمەویت بڵێم کە لە زۆر پاڵەوانێتییەکانی کوردستاندا، زۆر له‌ یانەکان بەشداری بەو دوو رەگەزانە دەکەن و لەمەشدا راهێنەر و ئیدارەی یانە وەرزشییەکان تاوانبارن، ئەمەش لە ئەنجامی  کەمتەرخەمی و بایەخ نەدانی  یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە.
 
ئه‌گەر تیشک بخەینە سەر بواری نێودەوڵەتی، دەبینین زۆر یاریزانمان هەبووە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، هەرچەندە نوێنەری وڵات بوونە و بەشداریان کردووە لە پاڵەوانێتییەکان، بۆ نموونە لەلوبنان، کەچی نەیانهێشت بەشداری بکەن و دووریان خستوونەتەوە  لەبەر ئەم هۆکارە.

زۆر نموونەی دیكه‌مان هەیە کە بەرچاون لە جیهانی وەرزشی. بۆیە لێرەوە ئەم نامە  کراوەیە بۆ به‌رپرسانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ده‌نێرم و داوایانلێده‌كه‌م بەدواداچوون بکه‌ن و بەپێی یاسا رێکی بخەن بە مەبەستی خزمەتکردنی وەرزش.


* پسپۆری بواری فیسیۆلۆجیای وەرزشی

مامۆستا لە زانکۆی سۆران


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە