ریال مەدرید دەیەوێت گورزێکی دیکە لە بارسێلۆنا بوەشێنێت

رووداو دیجیتاڵ

 

ریال مەدرید پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی گورزێکی دیکە لە بارسێلۆنا بوەشێنێت و یەکێک لە ئامانجەکانی بباتە ریزەکانی وەک ئەوەی پێشتر لەگەڵ ئاردا گولەری یاریزانی تورکی کردی.
 
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا، ریال مەدرید زۆر بەڕژدی هەنگاو دەنێت بۆ گواستنەوەی یەکێک لە ئامانجەکانی بارسێلۆنا لە میرکاتۆی هاوینی داهاتوودا.
 
پێشتر هەواڵەکان ئاشکرایان کردبوو کە بارسێلۆنا و ریال مەدرید ئارەزووی گرێبەستکردن لەگەڵ فرانکۆ ماستانتونۆی تەمەن 16 ساڵ دەکەن، کە یاریزانی یانەی ریڤەر پلەیتی ئەرجەنتینییە.
 
ماستانتونۆ لە 10 یارییدا لەگەڵ ریڤەر پلەیت بەشداری کردووە و گۆڵێکی تۆمارکردووە، بەڵام ئاستێکی نایابی بە بەراورد بە تەمەنی پێشکێش کردووە و بووەتە جێگەی سەرنجی بارسێلۆنا و ریال مەدرید.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای مێرکاتۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی X نووسیویەتی "ریال مەدرید چەندجارێک بەهرەدۆزەرەوەکانی ناردووە بۆ ئەوەی شوێن فرانکۆ ماستانتۆنۆ بکەون و هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بکەن، پلانیش هەیە بۆ دووبارەکردنەوەی هەمان شت لە داهاتوویەکی نزیکدا".
 
رۆمانۆ زیاتر دەڵێت "گەوهەرەکەی ریڤەر پلەیتیش لەلایەن بەهرەدۆزەرەوەکانی چەند یانەیەکی گەورەی دیکەوە چاودێری دەکرێت، وەک پاریس سانجێرمان و چێڵسی، بەڵام ئەو یاریزانە لە پێشینەی کارەکانی یانە پاریسییەکە نییە".
 
جێگای سەرنجە کە تۆڕی TYCـی ئەرجەنتینی پێشتر پشتڕاستیکردووەتەوە کە بارسێلۆنا و ریال مەدرید ئارەزووی گەرێبەستکردن لەگەڵ فرانکۆ ماستانتۆنۆ دەکەن، هەروەها بارسێلۆنا یەکەم یانە بووە سەبارەت فرانکۆ ماستانتۆنۆ بجوڵێت، دوای ئەوەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەوە کرد بۆ ئەوەی پرسیار لە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵیدا لێیبکات.
 
گرێبەستەکەی ماستانتونۆ لەگەڵ یانەی ریڤەر پلەیت تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی 2026 درێژ دەبێتەوە، هەروەها بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لەخۆدەگرێت.