ئاکام هاشم بۆ رووداو سپۆرتس: ئینشەڵڵا رۆژێک لە بارسێلۆنا یاریی بکەم

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئاکام هاشم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاکام هاشم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی زەورا وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە رۆیشتنی لە یانەکەی دەکەن و دەڵێت "ئینشەڵڵا رۆژێک بێت لە بارسێلۆنا یاریی بکەم."
 
ئەستێرە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە پێشکێشیکرد و گەیشتنە مۆندیال، ئەمڕۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزشی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا و خەڵاتی رێزلێنانی پێدرا.
 
دوای ئەو رێوڕەسمە ئاکام هاشم، قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد و گوتی "ئەو گەڕاندنەوەیەی لە یاریی بەرامبەر بۆلیڤیا هەیبوو، یەکێک لە بیرەوەرییە جوانەکانی ژیانییە و شانازیی پێیەوە دەکات."
 
بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەی عێراق، سوپاسی هاندەرانی کرد بۆ ئەو پاڵپشتییەی بەردەوامەی بەر لە یاریی و دوای یاریی لە یاریزانەکەیان کرد و کاتێکیش گەیشتنە مۆندیال پێشوازییەکی گەورەیان لە یاریزانە کوردەکە کرد.
 
ئاکام هاشم، لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لەوە دەکەن، چەند یانەیەک بۆ گواستنەوەی هاتوونەتە سەرهێڵ و دەڵێت "من ئێستا یاریزانی یانەی زەورام، تاوەکو گرێبەستەکەم تەواو دەبێت پابەندی گرێبەستەکەم دەبم و دوای ئەوە نازانم چی روودەدات، کاتێک گرێبەستەکەی کۆتاییهات هەموو شتێک یەکلادەبێتەوە."
 
بەرگریکارە هەولێرییەکەی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت "خەونی من ئەوەیە زیاتر پێشبکەوم، پشتیوان بەخوا هەموو شتێک باش دەبێت و ئەگەر خوا بیکاتە قیسمەت دەچمە دەرەوە."
 
لەبارەی ئەوەی هاندەری یانەی بارسێلۆنایە؟ ئاکام هاشم، بە رووداو سپۆرتسی گوت "من هاندەری بارسێلۆنام و ئینشەڵڵا رۆژێک دابێت لە بارسێلۆنا یاریی بکەم."
 
ئاکام هاشم، بەرگریکارە کوردەکەی هەڵبژاردەی عێراق، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بەرامبەر بۆلیڤیا پێشکێشیکرد بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیا و هاندەران و هەمووان ستایشی ئاستی بەرگریکارە کوردەکە دەکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە