ڤیدیۆ؛ دهۆک بۆ یارییەکی مێژوویی لە کوێتە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی کوردستان و عێراق، یانەی دهۆک رۆژێکی مێژووییە و یانەکە یاریی کۆتایی جامی کەنداو ئەنجامدەدات.
یەکلاکردنەوەی جامی کەنداوی یانەکان، بە دوو یاریی دەبێت، یاریی چوونی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو یانەی قادسیەی کوێتی و دهۆکی کوردستانی دەبێت و یاریی یەکەمیان لە کوێت بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:45 لەسەر یاریگەی محەممەد حەمەد بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە، متمانەمان بەخۆمان هەیە و هیچ گوشارێکمان لەسەر نییە، دەمانەوێت بەشێوازی خۆمان یاری بکەین و چاومان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە."
ژیلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری یانەی قادسیەی کوێتییە و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی ""دەستکەوتێکی گەورە و جوانە بۆ ئەو ناوانەی گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، قادسیە و دهۆک، قادسیە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە بۆیە ئاساییە دەستکەوتی هەبێت. لە هەمانکاتدا دڵخۆشم و رێزێکی زۆرم بۆ دهۆک هەیە، دەستکەوتی ئەوان گەورەترە، بەو پێیەی قادسیە لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە، بەڵام لە هەمانکاتدا گەیشتنی قادسیە بۆ یاریی کۆتایی سوپرایزە، بەو پێیەی بودجەی قادسیە زۆر کەمە بەبەراورد بە یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکە، دەتوانین بڵێین هەشت بۆ نۆ جار کەمترە."
کاروانی یانەی دهۆک لە جامی کەنداودا
یانەی دهۆک، یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا دەگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، یانەکە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و هاندەرە زۆرەکانی ئەو یانەیە بوونەتە باسی گەرمی کەنداو و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە و تیپەکەی مەسعود میراڵ، بە تاکتیکە سەرنجڕاکێشەکەی و هاندەرە بالکێشەکانی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
دهۆک لە جامی کەنداودا، 8 یاریی ئەنجامداوە، 4 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و 1 دۆڕاندنی هەیە، ئەلهویێن چیا 12 گۆڵیان تۆمارکردووە، 6 گۆڵیان لێکراوە و لە 4 یارییدا محەممەد ساڵح، گۆڵپارێزی یانەکە گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە و ئێستا رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانێتییەکە دەکات.