بارسێلۆنا بەنیازی هەنگاونانێکی بەپەلەیە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا بەنیازی هەنگاونانێکی بەپەلەیە، دوای ئەو مشتومڕەی ئیستیڤان کۆڤاکسی ناوبژیوانی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید هێنایەوە.
بارسێلۆنا خۆی بۆ هەنگاوێکی بەپەلە ئامادە دەکات، دوای ئەو مشتومڕەی لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەهۆی ناوبژیوانەوە روویدا.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ناو یاریگای بارسێلۆنا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمەش لەناو مشتومڕێکی زۆری ناوبژیوانی، بەتایبەت لەو کارەی کە لە گێمی دووەمدا روویدا و مارک بوبیل، یاریزانی رۆخی بلانکۆس پاڵەوانەکەی بوو.
خوان موسۆ، گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ، تۆپێکی لە لێدانی گۆڵەوە بۆ مارک بوبیلی هاوڕێی بەرگریکاری نارد، کە لە نزیک ئەو لە ناو ناوچەی شەش یاردەدا وەستابوو، پێش ئەوەی بوبیل بەدەست تۆپەکە جێگیر بکات و جارێکی دیکە یاری پێبکاتەوە، ئەمەش بووە جێگەی سەرسوڕمانی بینەران.
هانز فلیک و یاریزانانی بارسێلۆنا رەخنەی تووندیان لە ئیستیڤان کۆڤاکسی ناوبژیوان گرت و جەختیان کردەوە کە لێدانێکی سزای پێناڵتی دروستی بۆ تیپە کەتەلۆنییەکە هەژمار نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئیسپانیا بڵآویانکردەوە کە بارسێلۆنا بەجددی بیر لەوە دەکاتەوە ناڕەزایەتییەکی فەرمی دژی ناوبژیوانە رۆمانییەکە رەوانەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا UEFA بکات.
هەروەها دەڵێن "یانەکە لە هەندێک بڕیاری ناوبژیوانەکە ناڕازییە و دەیەوێت تانە لە بڕیارەکان بدات".
هەروەها دەڵێن "یەکێک لەو بڕیارانە رووداوەکەی مارک بوبیل بوو، کە تۆپەکەی بەدەست گرت دوای ئەوەی موسۆی گۆڵپارێز بۆی پاس دابوو".