ئارنۆڵد چیرۆکی گەیاندنی عێراق بە مۆندیال و ژیانی لەنێو جەرگەی بەغدا دەگێڕێتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوسترالیی هەڵبژاردەی عێراق پەردە لەسەر ئەو سەختی و ئاڵنگارییانە لادەدات رووبەڕووی بوونەتەوە تاوەکو خەونی 40 ساڵەی عێراقییەکان بکاتە راستی. ئەو باس لە مانەوەی لە بەغدا و ئەو رووداوە سیاسییانە دەکات لە کاتی گەشتەکەیان بۆ مەکسیک روویاندا.
 
دوای ئەوەی لە مانگی 9ـی 2024 بڕیاری دا لە راهێنەرایەتی ئوسترالیا دووربکەوێتەوە، گراهام ئارنۆڵد رووی لە هەڵبژاردەی عێراق کرد. ئەو راهێنەرە دەڵێت "کاتێک دەستەوارەی عێراقم بۆ هات، هەمووان پرسیاریان دەکرد بۆچی ئەو کارە دەکەم؟ بەڵام من ئاشقی ئاڵنگاری بووم و دەمویست بزانم بۆچی ئەو هەڵبژاردەیە 40 ساڵە ناگاتە مۆندیال".
 
ئارنۆڵد بۆ تێگەیشتن لە خەڵک و کولتووری وڵاتەکە، 8 مانگ لە بەغدا ژیاوە و دەڵێت "تۆپی پێ لە عێراق وەک ئایین وایە. بۆ ئەوەی باشترینیان لێ دەربهێنم، دەبوو لە کولتوورەکەیان تێبگەم". ئەو ئاماژە بەوە دەکات لە فڕۆکەخانەوە تاوەکو هەموو شوێنێک پاسەوانی تایبەتی لەگەڵ بووە، چونکە هاندەران شەیدای وێنەگرتنن و رێگەیان لێ دەگرت.
 
یەکێک لە قورسترین وێستگەکانی ئەو راهێنەرە، کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ناوچەکە بووە لە دوبەی. ئارنۆڵد دەگێڕێتەوە "بۆمبەکان لە نزیک هۆتێلەکەم دەتەقینەوە و هۆتێلەکە دەلەرییەوە. ئاگادارکردنەوەمان بۆ دەهات لە پەنجەرەکان دووربکەوینەوە". 
 
بەهۆی داخستنی ئاسمانی ناوچەکە، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بە پاس لە بەغداوە چوونە ئوردن و لەوێشەوە بە گەشتێکی درێژ گەیشتنە مۆنتێری لە مەکسیک.
 
ئارنۆڵد بۆ پاراستنی هزری یاریزانەکانی، سۆشیاڵ میدیای لێ قەدەخەکردن و پێیگوتوون "بۆ خێزانەکانتان و بۆ نەتەوەکەتان یاری بکەن". ئەو راهێنەرە ئێستا چاوی لەوەیە لە مۆندیال رووبەڕووی گەورە یاریزانانی وەک کیلیان ئێمباپێ، ئێرلینگ هالاند و سادیۆ مانێ ببێتەوە و دەڵێت "دەبێت بڕوامان بەخۆمان بێت و جیهان تووشی سەرسوڕمان بکەین".
 
گراهام ئارنۆڵد پێشتر وەک یاریزان و یاریدەدەری راهێنەر خزمەتی تۆپی پێی ئوسترالیای کردووە و یەکێکە لە راهێنەرە سەرکەوتووەکانی کیشوەرەکە، ئێستاش دەیەوێت ناوی خۆی لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا بنووسێتەوە.
 
گراهام ئارنۆڵد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق باس لەوە دەکات ئەرکی راهێنەرایەتی ئەم هەڵبژاردەیە قورسترین کار بووە لە جیهاندا. ئارنۆڵد دەڵێت بۆ تێگەیشتن لە کولتوورەکە 8 مانگ لە بەغدا ژیاوە و بەئامانجی دڵخۆشکردنی 46 ملیۆن کەس ئاڵنگارییەکەی وەرگرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە