فەرەنسا دەیەوێت دووەم بردنەوە تۆماربکات و دێمبێلی ئامادە نییە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا دووەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا ئەنجامدەدات و لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی هەڵبژاردەی ئایسلەندا دەکات.
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەم لە کۆمەڵەی چوارەم کاژێر 21:45 لەسەر یاریگەی باخچەی شازدەکان لە پاریس بەڕێوەدەچێت و کیلیان ئێمباپێ و هاوڕێکانی دەیانەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکەن.
فەرەنسا لە یاریی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆکراینا یارییکرد و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەم یارییەدا دەیەوێت درێژە بەبردنەوەکانی بدات و پێشەنگی ریزبەندی کۆمەڵەکە بگرێت.
ئایسلەندا لە یاریی یەکەمیدا بە ئەنجامێکی گەورە و بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئازەربایجان بەدەستهێنا.
لە یارییەکەدا بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بوون، هەریەکە لە عوسمان دێمبێلی و دێزری دۆوێ بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و چەند هەفتەیەکیان پێویستە بۆ گەڕانەوە.
فەرەنسا 15 یاریی بەرامبەر ئایسلەندا کردووە، 11 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 4 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و هیچ یارییەکی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە نەدۆڕاندووە، لە دوای 2019ـەوە یەکەمجارە هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.