یانەکانی کوردستان قەرەبوویان دەوێت

رووداو هەولێر 

لە گەڕی بیست و چواری خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانە بەشدارەکانی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەیانەوێت بە بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریی و سەرکەوتنێکی دیکە هاندەرانیان ئاشتبکەنەوە.
 
وەرزی ئەمساڵ بۆ یانەی زاخۆ زێڕینە و تیپەکە دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بباتەوە، تەڵال بلووشی راهێنەری قەتەری سەرکردایەتی جەنگاوەرانی خابوور دەکات و بەکۆکردنەوەی 46 خاڵ پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەیان گرتووە. 
 
یانەی زاخۆ لە گەڕی رابردوودا نەیانتوانی درێژە بدات بە کاروانی سەرکەوتنەکانی و بەگۆڵێک لەگەڵ یانەی کەرخ یەکسانبوو، لەم گەڕەدا زاخۆ بە پاڵپشتی دەیان هەزار هاندەری لەنێو یاریگەی خۆیدا یاریی لەگەڵ نەفت دەکات، ئامانجی یەکەم و کۆتایی زاخۆییەکان بردنەوەی یارییەکەیە.
 
یانەی هەولێر باڵکێشترین یانەی کوردستانە لە خولەکەدا، گەڕی رابردوو بەنێو کۆمەڵێک کێشەی قوڵدا تێپەڕی، شەرە بۆکسی شوێنی ڤی ئای پی یاریگەیان و دۆڕانیان بە یانەی مینا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، نیگەرانییەکی قوڵی لەنێو دڵی هاندەرانیان دروستکرد، پارێزگاری هەولێر نەیهێشت کات زۆر بڕوات و دەستەیەکی نوێی کاتی پێنج کەسی بە سەرۆکایەتی تاهیر سابیر، بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری یانەکە دەستنیشانکرد و دەستەی پێشوو دەستیانلەکارکێشایەوە. 
 
درێس زەردەکان بەسەرپەرشتی سەمیر بابۆ لە ئامادەکارییەکانیان بەردەوامن بۆ یاریکردنیان بەرامبەر یانەی زەورا، ئەرکی گواردیۆلاکەی کوردستان ئاسان نییە، بەهۆی بەهێزی زەورا کە 46 خاڵی هەیە و وەرزی ئەمساڵ یەکێکە لە بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە. 
 
شاندی یانەی هەولێر لە بەغدایە و بەر لە گەشتکردنیان بەرەو ئەو شارە دوایین یەکەی راهێنانیان لەسەر یاریگەی خۆیان ئەنجامدا، بەڵام بەبڕیاری راهێنەرەکەیان یاریزانانیان دوورخستەوە لە قسە و لێدوان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن، یانەی هەولێر 32 خاڵی هەیە لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە.
 
سامان بریفکانی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ رووداو، رایگەیاند "ئامادەکارییەکی زۆر باشمان بۆ یاریکردن بەرامبەر یانەی زەورا کردووە، تیپەکە بەر لە گەشتەکەیان بۆ بەغدا وانەیەکی تایبەت و شیکاریی یاریی رابردوویان لەلایەن سەمیر بابۆی راهێنەرەوە پێدراوە. تاهیر سابیر، سەرۆکی نوێی یانە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیش سەردانی یاریزانەکانیان کردووە و هەموو پاڵپشتییەکیان بۆ دووپاتکردوونەتەوە".
 
تیپەکەی پایتەختی کوردستان جارێکی دیکە بێبەشە لە تواناکانی شێرکۆ کەریمی کاپتنی یانەکە و سەفین مەنسوور لەگەڵ عەباس یاسین، کە بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن. 
 
یانەی نەورۆز وەرزی ئەمساڵ دەستپێکێکی باشی لەگەڵ جۆرڤان ڤێرای راهێنەری بەرازیلی نەبوو، بەڵام قەحتان جسیری راهێنەری بەنێوبانگی عێراقی خۆشی گەڕاندەوە دڵی هاندەرانی تیپەکە، هەرچەندە لە یاریی رابردوودا سوورپۆشانی سلێمانی نەیانتوانی یارییەکە ببەنەوە و جەوییە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکەی لێبردنەوە، بۆ یاریی داهاتوویان نەورۆز دەیەوێت تەڵەبە لە زەوی بدات و بەسێ خاڵی یارییەکەوە بگەڕێتەوە پایتەختی رۆشنبیری. 
 
محەممەد دلاوەر، کاپتنی یانەی نەورۆز لەبارەی ئامادەکارییان بۆ یارییەکە بۆ رووداو، گوتی "ئێمە بۆ یاریی داهاتوو ئامادەین و بیرمان تەنیا لای سەرکەوتن و دڵخۆشکردنی ئەو هەموو هاندەرە بە وەفایەیە کە هەموو کاتێک لەگەڵمانن، تەنیا کلاودیۆ ئۆلیڤێرای ناسراو بە مارادۆنا پێکانی هەیە و ناتوانێت لە یارییەکە ئامادە بێت ".
 
نەورۆز بەکۆکردنەوەی 30 خاڵ لە پلەی یازدەی ریزبەندییە.
 
هەرچی یانەی دهۆکە یارییەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دواخراوە، بەهۆی ئەوەی ئالهوێین چیای لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی یانەکانی کەنداو یاریی لەگەڵ یانەی ئیتیفاقی سعودی دەکات. 
 
دوای تەواوبوونی گەڕی بیست و چواری خولی ئەستێرەکانی عێراق، یارییەکان دەوەستن بەهۆی دەستپێکردنی کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەنجامدانی یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی کوێت و هەڵبژاردەی فەڵەستین لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026.
 
هەر لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن: 

 

مینا - نەجەف
نەفتی میسان - شورتە
کارەبا - کەربەلا
قاسم - حدود 
جەوییە - کەرخ
گەرمە - نەفتی بەسرە