شرۆڤەی سەفین تەها
ئیدی کاتی قۆناخە هەستیارەکەیە، ئەوەی باشترین پێشکەش نەکات، خراپترین چاوەڕێی دەکات، قۆناخێک کە ریسی زۆرێک دەکاتەوە بە خوری و هەندێکیش بە قاچاخ دەپەڕنەوە بۆ قۆناخی داهاتوو ( دوایی مەسەلەی ئەم قاچاخە روون دەبێتەوە).
یوڤێنتوس – بارسێلۆنا:- جەنگی ئاو و ئاگر
چۆن یوڤێ دەتوانێت بارسا ببڕێت ؟ بە دڵنیاییەوە یارییەکی قورسە بۆ تیپە ئیتاڵییەکە، بەهەمان شێوەش بۆ نوێنەرە زلهێزەکەی ئیسپانیا، بەڵام قسەکەی دیبالا راستە کە دەڵێت " بارسای ئەمساڵ لەوەی 2015 باشتر نییە" لەگەڵ ئەوەشدا پاولۆ دەبێت ئەوەش بزانی کە یوڤێی ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی 2015 لە کۆی 11 یاریزانی سەرەکی 7 یاریزانیان گۆڕاوە !
ناڵاندنی بارسا لە لیگادا هیچ پێوەر نییە بۆ ئەوەی بڵێن یارییەکە ئاسانە، بەڵکو پێچەوانەکەی راستە کە هەموو رووانینێک و خواستێکی کەتەلۆنییەکان ئێستا لەسەر چامپیۆنزلیگە و بارسا تینوی ئەمە.
کۆنتڕۆڵکردن و درووستکردنی هەل لە سیفەتەکانی یوڤێنتوس نین، لە یاری بەرامبەر ناپۆلیدا ئەم دوو خاڵە زۆر بە زەقی رەنگی دایەوە کە یوڤێ ئیفلیج بوو لەو دوو خاڵەدا، ئەی چی دەکەن بەرامبەر بارسێلۆنا ؟!
ئەمە هەموو شتێک نییە، یوڤێ لەسەر بنەڕەتی تیپێک درووستبووە کە گۆڵکردن و یاریکردنی لەسەر شێواز جۆراوجۆر درووستبووە، واتا بە هەموو جۆر و رەنگێک دەتوانن گۆڵ بکەن نەک وەک ئەوەی بارسا کە تەنیا کۆنتڕۆڵ و درووستکردنی هەل.
کەس ئەم قسەیەی ئەلێگری لەبیرە کە بەر لە فیناڵی 2015 کردی " ئەوەی نمایشی جوانی دەوێت بە بچێت بۆ سەیرکردنی سێرک"، رازیت لەسەر ئەم قسەیە یان نا ئەمە شتێکی دیکە و دەکرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەڵام دواتر.
چەکی گەورەی یوڤێ بەرگرییە پۆڵایینەکەیەتی، هەوڵدان بۆ کەلەپچەکردنی مێسی و نەیمار ئینجا بڕینی ئاو کارەبا لەسەر سوارێز، بە نووسین بۆ من ئاسانە بەڵام دەبێ حاڵی سێ وەزیرە بەرگرییەکەی لافیکا سینیۆرا چۆن بێت ؟.
کەس ئێستا دانی خێر بەبەرگرییەکەی بارسادا دەنێت؟ دەزانن حاڵی ئەوان چۆنە لەگەڵ هێرشی پێچەوانەدا؟ ئەی ئەگەر ئەوانەی سەرکردایەتی هێرشەکە دەکەن لە هیگواین و دیبالا پێکهاتبن و کوادرادۆ بنیادی ئەو هێرشەی درووستکردبێت؟ بارسا گەورەترین کێشەی لەگەڵ هێرشی پێچەوانەدا هەیە ئەمە راستییەکە و نکوڵی لەسەر نییە، بەرای خۆشم کە پێچەوانەی زۆرینەیە، یاری نێو تۆرینۆ زۆر گرنگترە لەوەی نێو کامپنۆو بۆ یوڤێ.
ئامار و راستییەکان:-
-وەک دەزانن دوایین رووبەڕووبوونەوەیان لە ساڵی 2015 بوو، ئەو کاتەی بارسا لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا 3-1 یارییەکەی بردەوە، بەڵام کەتەلۆنییەکان بەدوای یەکەم شکستدا دەگەڕێن کە تووشی یوڤێی بکەن لە نێو خاکی خۆیاندا، پێشتر چوار جار سەردانی تۆرینۆیان کردووە، دوو جار دۆڕاون و دوو جاریش یەکسان بوون .
-یوڤێنتوس لە دوایین پێنچ پاڵەوانێتیدا سێ جار گەیشتووەتە چارەکی کۆتایی، لەو ماوەیەشدا هیچ یانەیەکی ئیتاڵی نەگەیشتووەتە ئەم قۆناخە، (جگە لە یوڤێ).
-یوڤێنتوس لەگەڵ ریال مەدرید تاکە یانەن کە تاوەکو ئێستا لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا نەدۆڕاون.
-یوڤێ لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە چوار یاری رابردوودا بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە رووی بەرگریکردنیشەوە لە 351 خولەکی رابردوودا گۆڵی لێنەکراوە، واتا لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە، ئەو کات پاریخای یاریزانی سێڤییا گۆڵێكی لێکردن، لەگەڵ ئەوەشدا یوڤێ تاکە یانەیە لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە.
-بارسا لە دوایین 10 چامپیۆنزلیگدا گەیشتووەتە ئەم قۆناخە کە زۆرترینە لە مێژووی خۆیدا.
-بارسێلۆنا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 4 لێدانی سزای بۆ هەژمارکراوە، یوڤێنتوس 3 لێدانی بۆ هەژمارکراوە.
-یوڤێنتوس لە دوایین 17 یاریدا لەسەر یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە، 10 بردنەوە و 7 یەکسان بوون، دوایین دۆڕانی لە 2013 بوو بەرامبەر بایرن میونشن 2-0.
-بارسێلۆنا لە دوایین 13 یاریدا 10 یاری بردووەتەوە لە قۆناخی هاتن و چوونی خولی یانە پاڵەوانەکان، 3 دۆڕانیشی هەبووە.
-دوایین هەشت گۆڵی یوڤێنتوس لە رێگای 8 یاریزانی جیاوازەوە تۆمارکراون.
-بارسا 29 گۆڵی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکردووە کە زۆرترینە، 9 گۆڵیان بە تۆپی جێگیر بووە.
-ژمارەی گۆڵەکانی هیگواین لە قۆناخی و چوون و هاتندا، تەنیا دوو گۆڵ لە 22 یاریدا، کەچی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، 13 گۆڵ لە 38 یاریدا.
-لیۆنێل مێسی لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 11 گۆڵی تۆمارکردووە، باشترین ژمارەی مێژووی لیۆ لە وەرزی 2011/2012 بوو کە 14 گۆڵی کرد.
-ئەی چی سەبارەت بە نەیمار ؟! لە چامپیۆنزدا زۆرترین ئاسیستی لەم وەرزەدا کردووە 8 دانە، 33 یاریزانیشی بە جیاجیا بڕیوە.
ئەم یارییە لە یاریگەی یوڤێنتوس ئارێنا دەکرێت، سیمۆن مارسینیاکی پۆڵەندی ناوبژیوانی یارییەکەیە، ئەو نابژیوانەی کە بارسا 4-0 بە پاریس دۆڕا.
کورتکراوەی یاری فایناڵی 2015
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ