ریال و پاریس رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ چاوی لەوەیە بچێتە ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان چاوی لە گواستنەوەی یاریزانەکەیە و ئەگەری هەیە یانەکەی بیخاتە بازاڕەوە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا و ئینگلتەرا، یانەی چێڵسی بیر لەوە دەکاتەوە لە هاوینی داهاتوودا ئێنزۆ فێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی و یانەکەی بخاتە بازاڕەوە، بەتایبەت ئەگەر یانەکە نەیتوانی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای وەرزی داهاتوو.
 
رۆژنامەی دیاریۆی ئیسپانی دەڵێت "یاریزانەکە لەلایەن هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسییەوە چاودێریی دەکرێت و هەڵسەنگاندن بۆ تەمەنی یاریزانەکە و بڕی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن".
 
ئەمە لەکاتێکدایە لویس ئێنریکێ سەرسامە بە تواناکانی ئەو یاریزانە و نزیکە لەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێبکاتەوە، بۆیە لە ئەگەری مانەوەی راهێنەرەکە لەو یانەیە رەنگە یەکێک لە داواکارییەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بێت."
 
پێشتر کاتێک پرسیار لە ئێنزۆ کرا، دەیەوێت لە کام شاری دیکە بژیت، ئەو یاریزانە مەدریدی وەکو شاری دڵخوازی خۆی هەڵبژارد و گوتی هاوشێوەی بۆینس ئایرێسە، ئەمەش دەنگۆی ویستی ئەو یاریزانەی بۆ پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە بڵاوکرایەوە.
 
ئێنزۆ فێرناندێز، تەمەنی 25 ساڵە، یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی لە هاوینی 2032 کۆتایی دێت، ئێستا نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 90 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەستێرە ئەرجەنتییەکە لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 46 یاریی ئەنجامداوە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئەسیستی کردووە، لە پرێمەرلیگدا 2583 خولەک یارییکردووە، لە 30 یارییدا 8 گۆڵ و 3 ئەسیستی کردووە.