کەناڵی ریال مەدرید هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوبژیوانانی ئیسپانیا دەستپێکرد

رووداو دیجیتاڵ 

 

کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر ناوبژیوانان، دوای یەکسانبوونی تیپەکە بەرامبەر جیرۆنا 1-1، لەو یارییەی کە ئێوارەی هەینی لە چوارچێوەی گەڕی 31ـی خولی ئیسپانی بەڕێوەچوو.
 
یاریزانان و کورسیی یەدەگی ریال مەدرید لە خولەکی 88 بەتووندی تووڕەیی خۆیان بەڕووی ناوبژیوان خاڤیێر سوارێزدا رشت، دوای کەوتنی کیلیان ئێمباپێ لە ناوچەی سزادا بەهۆی لێدانی ئەنیشک لە دەموچاوی لەلایەن بەرگریکارێکی جیرۆناوە، بەڵام ناوبژیوان لێدانی سزای هەژمار نەکرد و ژووری تەکنەلۆژیای ڤیدیۆش VAR ئاماژەی بۆ پێداچوونەوەی دیمەنەکە نەکرد.
 
ماڵپەڕی  ئەرشیڤۆ ڤار  جەختی کردەوە کە ناوبژیوان هەڵەی کردووە و بارودۆخەکە شایستەی لێدانی سزا بووە. هەروەها ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ریال مەدرید، رەخنەی لە ناوبژیوان گرت و گوتی "ئەمە لێدانی سزایە لێرە و لەسەر مانگیش، تێناگەم کەی VAR دەستوەردان دەکات، وادیارە تەنیا کاتێک بەکاری دەهێنن کە لەگەڵ ئارەزووەکانیاندا بگونجێت. ئەوەی روویدا ئەو باوەڕەی لا بەهێزتر کردم کە ئێمە لەم وەرزەدا بەردەوام دەیناڵێنین بەدەست ناوبژیوانانەوە".
 
بەم یەکسانبوونە، ژمارەی خاڵەکانی مێرێنگی بووە 70 خاڵ و لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی ئیسپانیایە، بە 
جیاوازی 6 خاڵ لە دواوەی بارسێلۆنای پێشەنگە کە یارییەکی کەمتری ئەنجامداوە.
 
کەناڵی ریال مەدرید، کە بە رەخنە بەردەوامەکانی لە ناوبژیوانان لە دوو وەرزی رابردوودا ناسراوە، هێرشێکی تووندی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە بەهۆی هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزای روون و ئەوەی روویدا بە 'تەنیا شانۆگەرییەک' وەسفی کرد.
 
کەناڵەکە دەڵێت "ئەمە شانۆگەرییە، چونکە دەیانەوێت وێنەیەکی شەفاف نیشان بدەن، لەکاتێکدا هیچ شەفافییەتێک بوونی نییە." هەروەها دەڵێت "ئەگەر بەڕاستی شەفافییەت هەبووایە، ئێستا کەسێک دەهاتە دەرەوە و روونی دەکردەوە بۆچی ناوبژیوانی ناو یاریگا لە ژووری VARـەوە بانگ نەکرا"،
 
کەناڵەکە بەردەوامە لە رەخنەکانی و دەڵێت "خاڤیێر سوارێز هەمان کار دووبارە دەکاتەوە. ئەمە هەمان ئەو ناوبژیوانەیە کە یاریی دێربیی ئاتلێتیکۆی بەڕێوەبرد کاتێک ڤاڵڤێردی دەرکرا، و هەر خۆیشی بوو وەرزی رابردوو چوار لێدانی سزای روونی بەرامبەر ئۆساسۆنا هەژمار نەکرد. کاتێک هەڵە بێ پاساوەکان دووبارە دەبنەوە، بەرپرسی راستەقینە سەرۆکەکەیانە کە ناوی فران سۆتۆیە".
 
لە درێژەی قسەکانی کەناڵەکەدا هاتووە "ئەوەی لەلایەن ڤیتۆر رێیسەوە روویدا لێدانی سزایە، لێدانێکی دیکەی سزا فەوتا، ئەمە ەاستییەکەیە. لە تۆپی پێدا دوو ەاستی هەن: ئایا ریال مەدرید باش یاری کرد؟ نەخێر، بەڕوونی دەڵێین نا، بەڵام ئەوەش دەڵێین کە ئەوە لێدانی سزا بوو".
 
لە کۆتایی هێرشەکەیدا کەناڵەکە ئاماژەی بە کەیسی نێگرێرا کرد و گوتی "ئەوان لەم خولەدا گاڵتە بە ریال مەدرید دەکەن، گاڵتە بەو تیپە دەکەن کە خاوەنی زۆرترین نازناوی لالیگا و خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە. ئەمە بێماناییە".