پێش زیدان نەبووە رێژەى هێشتنەوەى تۆپ بۆ ماوەى زۆر بوونى هەبوو بێت لاى زۆرییەکەى چوار بۆ پێنج پاسات دەکرا، بەڵام ئێستا بەدرێژایى ماوەى یاریى، یاریزانەکانى ڕیاڵ دەست بەسەر تۆپى یارییەکە دەگرن و بۆ ماوەیەکى زۆر تیپى بەرانبەر لە بەدەستهێنانى تۆپ بێبەش دەکەن، ئەمەیش متمانە و بڕوابەخۆبوونێکى زۆر لاى یاریزانەکانى ڕیاڵ دروست دەکات و تیپى بەرانبەر ناچار دەکات لە دۆخى بەرگرى و پاشەکشەدا بێت، هاوکات لە ڕێگەى گواستنەوەى تۆپ بە پاساتى کورت بەشێوەیەک زۆر ڕێکخراو، هێرشەکان بینا دەکەن و بە ئاسانى هێڵەکانى ناوەند و بەرگریى تیپى دژبەر دەبڕن. ئەمە فەزڵى زیدانە و پێشتر ڕیاڵ گلدانەوەى تۆپى بۆ گرنگ نەبوو.
زیدان ڕۆڵێکى گەورەى لە گەڕانەوەى متمانە بۆ یاریزانەکانى هەیە، بەدرێژایى ئەم وەرزە و وەرزى ڕابردوو، ڕامۆس، ناڤاس، مارسێلۆ، دانیێلۆ،هەڵەى زۆر گەورە و کوشندەیان کرد، تەنانەت بنزیمە هەموو دنیاى لە دژى پشتیگریکردنى لەلایەن زیدانەوە هێناوەتە دەنگ، بەڵام هیچ کام لەم یاریزانانە، بە هەڵەى زۆرەکانیان نەک نەڕووخان و ئاستیان دانەبەزى بەڵکو پاڵپشتییە بەردەوامەکانى زیدان، هێمنى و لەسەرخۆیى ئەم ڕاهێنەرە، ئاستى زۆربەى ئەو یاریزانانەى گەیاندە لووتکە.
هەموو دنیا وەک کارەسات و نووکتە لە ئاستى بنزیمە و دانیێلۆ دەڕوانن، بەڵام هەردەم زیدان بە بەشداریکردنى بەردەوام و هاندان پشتگیرییان دەکات، چونکە دەوانێ سزادان و سڕکردن و بایەخنەدان بەم یاریزانانە، زیانى گەورەى پێ دەگەیەنێت و یاریزانێکى لەدەست دەردێنێت.
دژایەتى بە سەرپەرشتى دیدییە دیشامپى ڕاهێنەرى فەڕەنسى لە دژى بنزبمە کرایەوە، پشتى تێکرد و لە هەڵبژاردەى فەڕەنسا لە یۆرۆى و ئێستایشى لەگەڵ بێت دوورى خستۆتەوە، بەڵام زیدان بە تەنها بەسەر بۆ پاراستنى ئەم ئەستێرە ناوازەیە. زێدان تەنیا ڕاهێنەرە لەوەى دەتوانێ و دەزانێ بە چ ڕێگەیەک یاریزانە گرنگەکانى قایل بکات، بەوەى لەسەر کورسیى یەدەگ دانیشن، یان وەک پشوودان بانگهێشتیان نەکات.
توانى ئەو باوەڕە بۆ ڕۆناڵدۆ دروست بکات، بۆئەوەى پارێزگارى لە ئاستى بکات، پێویست نییە هەموو یارییەک بەشداریى بکات و لە ڕێگەى بەشداریى زۆر و تۆمارکردنى گۆڵى زۆر گەورەیى خۆى نیشان بدات، بۆیە ئێستا ڕۆناڵدۆ لە یاریزانێکى گۆڵکەرەوە گۆڕاوە بۆ یاریزان و سەرکردەیەکى کاریگەر لە یانەکە، لە ساڵێکدا چوار یاریى پشوو بدات، باشترە بەهۆى بەشداریکردنى بەردەوامەوە بۆ ماوەى دوو بۆ سێ مانگ بەهۆى پێکرانەوە داببڕێت.
ڕیاڵ مەدرید خاوەن پێکهاتەیەک بوو، زیدان بە پەیڕەوکردنى سیاسەتى بەنۆرە یاریکردن، هەم یاریزانەکانى لە پێکرانى زۆر و لە شەکەتبوون پاراست، هەم ئاستى یاریزانە یەدەگەکانیشى گەیاندە ئاستێکى سەرنجڕاکێش، بەجۆرێک ڕیاڵ لە ساڵى ٢٠١٧ هێندە پشتئەستۆر بە یاریزانە یەدەگەکان هەوڵى بەدەستهێنانى لالیگا دەدات، هێندە پشتئەستۆر نییە بە ئەستێرە سەرەکییەکانى تیپەکە. ئێستا زیدان تیپێکى دیکەى دروست کردووە، بەبێ ئەوەى ئەم کارە لەسەر حسابى یاریزانە سەرەکییەکان بێت، بەبێ ئەوەى گرفتى لە ژوورى جلگۆڕین دروست کردبێت، بەبێ ئەوەى گرفتى لێکتێگەیشتنى لەنێو یاریگە دروست کردبێت، بەجۆرێک ئاستى یاریزانە سەرەکییەکانى بردووەتە لووتکە و ئاستى یەدەگەکانیش لە ئاستى یاریزانە سەرەکییەکان نزیک کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ