رووداو - هەولێر
یێلینا ئۆستاپێنکۆ خانمە تێنسزانی لاتیڤی، نازناوی ئەم وەرزەی پاڵەوانێتی کراوەی تێنسی فەرەنسای ناسراو بە رۆلاند گارۆس بەدەستهێنا، دوای بردنەوەیەکی مێژوویی لە سیمۆنا هالێپی رۆمانی.لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە لەسەر ئاستی خانمان، یێلینای بێ ریزبەند دوای 34 ساڵ وەک یەکەم یاریزانی بێ پلەبەندی گەیشتبووە یاریی کۆتایی رۆلاند گارۆس، رووبەڕووی سیمۆنا هالێپی رۆمانی و خاوەن پلەی سێیەمی تێنسزانانی جیهان و خاوەن ئەزموونی زۆرو بەربژێری بردنەوەی نازناوەکە بووەوە.
لە کۆمەڵەی یەکەم سیمۆنا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شەش چوار بردیەوە و لە نازناوەکە نزیککەوتەوە، بەڵام یێلینای تازەپێگەیشتوو کۆڵی نەدا و زوو گەڕایەوە نێو کەشی یارییەکە و بە لێدانە بەهێزەکانی دوو کۆمەڵەی لەسەریەکی بردەوە شەش چوار و شەش سێ، بەشێوەیەکی چاوەڕوانەکراو هەموو شتێکی سەراوژێرکرد و نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لە چنگی هالێپ دەرهێنا و بەرزیکردەوە.
یێلینای تەمەن 20 ساڵ، بووە یەکەم یاریزان دوای 84 ساڵ نازناوێکی گراند سلام بباتەوە، هەروەها یەکەم نازناوی فەرمی لە ژیانی وەرزشی خۆی بەدەستهێنا و بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی وڵاتی لاتیڤیا نازناوێکی گراند سلام بباتەوە.
یێلینا بێ ئەوەی پێشتر لە هیچ پاڵەوانێتییەکی فەرمی بەشداریکردبێت و ئێستا لە پلەی 47ی جیهانییە، سەردەکەوێت بۆ پلەی 12ی خانمە تێنسزانانی جیهان، کە سبەی دووشەممە ریزبەندییەکە بەفەرمی رادەگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ