رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بۆ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی ئەنجامدا و تیایدا یاریزانی نوێی یانەکەی پایتەختی فەرەنسا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و دووپاتیکردەوە کە ئەو هاتووە نازناوی زیاتر بۆ ئەوە یانەیە بباتەوە.
سەرەتا ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەکەدا بەخێرهاتنی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی نوێی یانەکەی کرد و بە هاندەران و میدیاکانی ناساند و گوتی "سەلماندمان کە چیمانکردووە و لە داهاتووشدا باشتر ئەوە دەسەلمێنین".
لیۆنێل مێسی، بەوە دەستی بە قسەکانی کرد کە گوتی "وەک پێشتریش گوتوومە، من هێشتا بارسا بە ماڵی خۆم دەزانم، لەوێ زۆر کاتی خۆش و ناخۆشم بینیوە، بەڵام من ئێستا یاریزانی یانەیەکی دیکەم و هەوڵدەدەم دۆخێکی وەک بارسێلۆنا دروست بەکەم و نازناوەکان لەگەڵیدا ببەمەوە، خۆش دەبێت ئەگەر رۆژێک بگەڕێمەوە بارسێلۆنا و لەوێ یاریی بکەم".
لیۆنێل مێسی، وەڵامی زۆر پرسیاری دایەوە و دووپاتیکردەوە "دەمانەوێت هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی هەموو شتێک ببەینەوە".
مێسی دڵخۆشیی خۆی بۆ یارییکردن لەگەڵ نەیمار و ئێمباپێ پێشاندا و گوتی "ئەمە بۆ من پاڵپشتییەکی گەورەیە، بۆیە دەمەوێت بەخێرایی دەستپێبکەم و ئەمە ئەزموونێکی گەورەیە و چێژی لێ وەردەگرم".