بارزان سادق
رووداوى وه‌رزشی ـ BBC
هێرشه‌كانی رێكخراوی داعش بۆ سه‌ر كۆبانی و ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی باشووری كوردستان بۆ ئه‌و شاره كاریگه‌ری زۆری لێكه‌وته‌وه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌تی له‌سه‌ر باری نێوخۆیی توركیا هه‌بووه.
شه‌ڕی پاراستنی كۆبانی و نه‌هێشتنی كه‌وتنی به‌ده‌ست رێكخراوی داعشه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر شه‌قامی وه‌رزشی توركیا دروستكردووه‌و له هه‌فته‌ی رابردوودا یاریزانێكی كورد كرایه ئامانج و هێرشی كرایه سه‌ر، ئه‌مه‌ش به‌هۆی رووداوه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌وه.
ده‌نیز ناكی، كه یاریزانی یانه‌ی گه‌نجله‌ربیرلی ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیاییه، رۆژی 4/11/2014 له یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی ئه‌و شاره هێرشیكرایه سه‌ری و برینداركرا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی پاڵپشتیكردنی له كورد و هێرشكردنه سه‌ر داعش به دانانی چه‌ند وێنه‌یه‌ك له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووكدا كه له وێنه‌ی یه‌كه‌میاندا نووسیویه‌تی "كۆبانی ئازاد بكه‌ن".
له وێنه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌نیز ناكی كه كورده‌و هه‌ڵگری هه‌ردوو وڵاتینامه‌ی توركی و ئه‌ڵمانییه، وێنه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و داوایكردووه كچانی كورد له كه‌وتنیان به‌ده‌ستی داعش بپارێزرێن.
له دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنه‌و كۆمێنتانه، ده‌نیز ناكی كرایه ئامانج له‌لایه‌ن چه‌ند گه‌نجێكی توركه‌وه‌و له یه‌كێك له شه‌قامه‌كانی ئه‌نكه‌ره له‌و كاته‌ی ده‌نیز خه‌ریكی كڕینی خواردن بوو، 3 گه‌نجی تورك رێگریان لێكرد‌و ده‌نیز له لێدوانی‌دا رایگه‌یاند یه‌كه‌مجار هێرشكه‌ره‌كان پرسیاری ئه‌وه‌یان لێكردووه كه ئایا تۆ ده‌نیز ناكی كه به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك كورد و عه‌له‌وییت؟ له وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا ده‌نیز نكۆڵی له كوردبوونی خۆی نه‌كردو دووباره سێ گه‌نجه توركه‌كه قسه‌ی ناشیاویان به كۆبانێ و شنگال گوتووه، به‌پێی گوته‌كانی ده‌نیز كه قسه‌ی بۆ تۆڕی هه‌واڵی BBCى به‌ریتانی كردووه، ئه‌و هه‌وڵیداوه سێ كه‌سه‌كه هێور بكاته‌وه، به‌ڵام له‌ناكاودا یه‌كێك له‌وان مشته‌كۆڵه‌یه‌كی له چاوی چه‌په‌ی ده‌نیزداوه‌و له كاردانه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌دا ده‌نیز به‌رگری كرد و پاشان رایكرد.
رووداوه‌كه هه‌ر به مشته‌كۆڵه‌یه‌ك كۆتایی نه‌هات، به‌ڵكو له‌كاتی راكردنیشدا 3 توركه‌كه به‌ده‌نگی به‌رزه‌وه هاواریان كرد و پێیانگووت "ئایا یه‌كه‌م هۆشداری به‌سه بۆ تۆ، ئه‌مه دوا هۆشدارییه بۆ تۆ، ئه‌م وڵاته جێبهێڵه، ئه‌م شاره جێبهێڵه، خێرا ئه‌م یانه‌یه‌ش جێبهێڵه".
دوای رووداوه‌كه، ده‌نیز ناكی كه پێشتر یاری بۆ یانه‌كانی سانت پاولی و پادێربۆرن و بایه‌رلیڤه‌ركۆزنی ئه‌ڵمانی كردووه، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌ی گه‌نجله‌ربیرلی كۆبووه‌وه‌و داوایلێكرد هه‌ڵوێستیان هه‌بێت، به‌ڵام به‌پێی گووته‌كانی ده‌نیز یانه‌كه‌ی بێ هه‌ڵوێست بووه به‌رامبه‌ر رووداوه‌كه و ئه‌مه‌ش وایكردووه ده‌نیز بگه‌ڕێته‌وه ئه‌ڵمانیا كه خێزانه‌كه‌ی نێشته‌جێی ئه‌و وڵاته‌یه.
ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه هێرش ده‌كرێته سه‌ر ده‌نیز ناكی، به‌ڵكو 6 مانگ به‌ر له‌ئێستا به‌هۆی دروستكردنی تاتۆییه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستی راسته‌ی و نووسینی ناوی "دێرسیم" كه ناوه كوردییه‌كه‌ی شاری تونجه‌لییه‌و به‌م هۆییه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هێرشێكی زۆری كرایه سه‌ر و به ره‌گه‌زپه‌رست وه‌سفیانكرد، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا خه‌ڵكی دێرسیم پاڵپشتی خۆیان بۆ یاریزانی ناوبراو دووپاتكرده‌وه‌و كێشه‌كه به‌بێ زیان كۆتاییپێهات.
له‌دوای گه‌یشتنی ده‌نیز ناكی بۆ ئه‌ڵمانیا و شادبوونه‌وه‌ی به دایك و باوكی خۆی بۆ رۆژنامه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانی دووپاتكرده‌وه "زۆر دڵخۆشم به گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ئه‌ڵمانیاو ئاماده‌م كاروانی وه‌رزشیی خۆم له‌و وڵاته درێژه پێبده‌م".
له‌دوا قسه‌كانیدا بۆ تۆڕی هه‌واڵی BBC، ده‌نیز ناكی ره‌تیكرده‌وه جارێكی دیكه له توركیا یاری بكاته‌وه، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌گه‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ توركیا خۆشه‌ویستی وڵات و شاره‌كه‌ی ده‌بێت.
ده‌نیز ناكی له‌دایكبووی 9ی ته‌مموزی ساڵی 1989یه‌و له شاری دیۆرنی ئه‌ڵمانیا له‌دایكبووه‌و 21 یاری له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌ڵمانیای خوار 19 ساڵ و 20 ساڵی ئه‌نجامداوه.
پڕۆفایل
ناو: ده‌نیز ناكى
له‌دایكبوون: 9/7/1989
شوێنى له‌دایكبوون: دۆرین ـ ئه‌ڵمانیا
شوێنى یاریكردن: هێڵى هێرشبردن
درێژی باڵا: 176 سانتیمه‌تر
كێش: 70 كیلۆگرام.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ