رۆبێرت لیڤاندۆسکی بیر لە وازهێنان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتەکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا باس لەوە دەکەن کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانە کەتەلۆنییەکە بیر لە داهاتووی دەکاتەوە، بەو پێیەی وازهێنان لە یارییکردن دەبێتە بژاردەیەکی راستەقینە ئەگەر بارسێلۆنا بڕیار بدات گرێبەستەکەی درێژ نەکاتەوە.
بەپێی سەرچاوە نزیکەکان لە ئەستێرە پۆڵەندییەکە، لیڤاندۆڤسکی هەست بە بەهێزی جەستەیی دەکات، بەڵام دەیەوێت پلانێکی روونی هەبێت لەبارەی رۆڵ و داهاتووی لە دوای وەرزی 2025.
هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵەکە، کە لەساڵی 2022 لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە بارساوە کرد، یاریزانێکی سەرەکی بووە لە هێڵی هێرشی یانەکەدا، بەڵام دۆخی گرێبەستەکەی نادیارە، چونکە دانوستاندنەکان بۆ درێژکردنەوەی هێشتا بەڕێوەنەچوونە. باس دەکرێت کە لیڤاندۆڤسکی ئامادەیە بۆ بەردەوامیدان بە کاروانە وەرزشییەکەی، بەڵام تەنیا ئەگەر لە یانەیەکی دیکەی گەورەی ئەورووپا بە گرێبەستێکی رێزلێگیراو و رکابەریی پێبگات یان لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە کە بژاردەی یەکەمییەتی.
لە دەرەوەی یاریگا، خێزانەکەی لیڤاندۆسکی بەئاسوودەیی لە شاری بارسێلۆنا جێگیر بوون. هاوژینەکەی، ئانا لیڤاندۆڤسکا، خۆشەویستی خۆی بۆ شاری بارسێلۆنا دەربڕیوە، منداڵەکانیشیان بەباشی لەگەڵ ژیان لە ئیسپانیا گونجاون. ئەمەش وایکردووە کە خواستی لیڤاندۆسکی روون بێت بۆ ئەوەی لە بارسا بمێنێتەوە ئەگەر بکرێت.
ئەگەر دەرفەتێکی لەو شێوەیە نەیێتە ئاراوە، رەنگە ئەو هێرشبەرە بە ئەزموونە بڕیار بدات کۆتایی بە کاروانی وەرزشی پڕ لە دەستکەوتی خۆی بهێنێت، نەک بچێتە خولێکی نامۆ بە مووچەیەکی زۆر، وەک سعودیە.
لیڤاندۆڤسکی ئێستا بەتەواوی سەرنجی لەسەر یارمەتیدانی بارسێلۆنایە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان، بەڵام بڕیارەکان سەبارەت بە داهاتووی لە مانگەکانی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێن گفتوگۆی لەسەر بکرێت و ئامادەیی دەربڕیوە بە مووچەیەکی زۆر کەمتر لە ئێستای بمێنێتەوە و کێشەی نییە ئەگەر ببێتە یاریزانی یەدەگیش.