یانەی هەولێر بۆچی هەڕەشەی پەنابردنە بەر دادگای نێودەوڵەتی دەکات؟

رووداو دیجیتال

یانەی هەولێر بەنووسراوێکی فەرمی سکاڵای لەسەر چەند ناوبژیوانێک بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەرزکردووەتەوە، لە ئەگەری نەبوونی وەڵام یانەکە هەڕەشەی بەرزکردنەوەی سکاڵا بۆ دادگە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکان دەکات. 
 
سکاڵای یانەی هەولێر لەسەر بڕیاری چەند ناوبژیوانێکە لە کاتی چوار یاریی رابردوویان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە یانەکە پێیوایە ستەمیان لێکراوە.
 
لەو نووسراوەدا یانەی هەولێر داوایکردووە  بەزووترین کات وەڵامیان بدرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان دەستبەردای مافەکانیان نابن.
 
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی گوت "بەوردی باسی ستەم و ئەو هەموو کەمتەرخەمی بەشێک لەو ناوبژیوانانەمان کردووە کە ستەمیان لێکردووین و بەهۆی بڕیاری هەڵەی ئەوان خاڵمان لێڕۆشتووە".
 
هەروەها گوتی "لە یاریمان بەرامبەر زەورا بەئاشکرا یاریزانێکی زەورا مستەفا قابیلی بەردایەوە و لێدانی سزا بوو، کەچی ناوبژیوان چاوپۆشی لێکرد".
 
لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دوو وەرزە سیستەمی ڤار بۆ هاوکاری ناوبژیوانان بەکار دەهێندرێت، بەڵام زۆرجار تیپەکان گلەیی و نیگەرانی لە بڕیارەکانی ناوبژیوانان دەکەن. 
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر یاتر گوتی "باس لەوەش دەکات کە لە یارییەکەمان بەرامبەر نەفتی میسان بارکۆ بەردرایەوە کەچی ناوبژیوان نەگەڕایەوە ڤار و دیسان لێدانێکی سزامان بۆ هەژمار نەکرا. لە یاریمان بەرامبەر کەرخ دیسان ستەممان لێکرا، یاریی رابردووش بەرامبەر موسڵ دەبووایە یاریزانێکی موسڵ بە کارتی سوور دەربکرێت کەچی ناوبژیوان چاوپۆشی لێکرد و نەگەڕایەوە ڤار". 
 
 
 
یانەی هەولێر لەگەڵ نووسراوەکەیدا بەڵگەی هەر چوار یاریشی بە ڤیدیۆ ناردووە، داوایکردووە وەڵامێکی دروستیان بدرێتەوە، تەنانەت یانەکە ئاشکرایکردووە گەر وەڵامیان نەدەنەوە پەنا بۆ دادگە و دامەزراوە یاساییەکانی نێودەوڵەتی دەبەن و لەوێ سکاڵا تۆمار دەکەن. 
 
ئیمپڕاتۆر لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا دوایکردووە کە ئەو چەند ناوبژیوانەی ستەمیان لە یانەکە کردووە نابێت جارێکی دیکە یارییەکانی ئەوان بەڕێوەببەن، ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی یانەکەش جەختی لە بوونی هەوڵێک لەدژی یانەکەیان باسکرد "هەوڵدان و دژایەتی ئێمە هەیە و نایانەوێت ئێمە لە پلەکانی پێشەوە بمێنین کە کارێکی نا دادپەروەرییە ". 
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق پێشکەشکردووە، پازدە بردنەوە و هەشت یەکسانبوون لەگەڵ چوار دۆڕانی هەیە، تیپەکە بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە. 
 
شێرزوود تێمیرۆڤ، هێرشبەری درێس زەردەکانی قەڵا و منارە خاڵی بەهێزی تیپەکەیە بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە، ئەو یاریزانە وەک باشترین یاریزانی گەڕی رابردووی خولی ئەستێرەکانی عێراق دیاریکرا.