رووداو - ههولێر
لوکا مۆدریچی کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیا دوای گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی مۆندیال دڵخۆشی خۆی دەربڕی و ئاماژەی بەوەشكرد، جارێ بیر لە بردنەوەی بالۆن دۆر ناکاتەوە.
لە لێدوانێکدا لوکا مۆدریچ رایگەیاند، دەبێت شانازی بە خۆمان بکەین کە گەیشتووینەتە یاریی کۆتایی و ئەم دەستکەوتەی بە گرنگترین دەستکەوت وەسفکرد لە ژیانی وەرزشی خۆیدا، چونکە ئەمە بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی وڵاتە و جێی شانازییە.
مۆدریچ دەڵێت "خەونی من ئەوەیە وڵاتەکەم ئەم نازناوە بەدەستبهێنێت، ئەمەش شتێکی مەحاڵ نییە و تەنیا یارییەک لە نازناوەکە دوورین".
سەبارەت بە بەدەستهێنانی خهڵاتی بالۆن دۆریش، مۆدریچ گوتی: "دڵخۆش دەبم بە بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، ئەمە خەونێکی گەورەی منە، هەموو یاریزانێک هیوا بۆ ئەم نازناوە دەخوازێت، بەڵام من ئێستا تەنیا بیرم لای هەڵبژاردەکەمە و هەموو بیرم دەخەمە سەر یاریی فایناڵ".
هەروەها رۆیشتنی رۆناڵدۆ کاری لە مۆدریچ کردووە و دەڵێت، رۆناڵدۆ یاریزانێکی گرنگ بوو بۆ ریال مەدرید، هیواداربووم لەگەڵماندا بمێنێتەوە، ئەو یاریزانێکی زۆر کاریگەر بوو بۆ ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ