شۆک.. لامین یامال هەڕەشە لە بارسێلۆنا دەکات و لە فلیک نیگەرانە

12-10-2025
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک لامین یامال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا هەڕەشەی رۆیشتن لە یانەکەی کردووە، بەهۆی مامەڵە نادادپەروەرانەی هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە لەگەڵی.
 
لامین تەنانەت ناوی ئەو یانەیەشی ئاشکراکردووە کە دەیەوێت بۆی بچێت، ئەگەر مامەڵەی فلیک لەگەڵیدا وەک ئەو ناوی ناوە، "بەو شێوە نادادپەروەرانەیە" بەردەوام بێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، نیگەرانیی لامین، لە لێدوانێکی پێشووی هانزی فلیکی راهێنەرە، هەربۆیە ئەو یاریزانە کە وەک دووەم باشترین یاریزانی لاوی ساڵ، خەڵاتی کوبای بردەوە، لە دۆخەکە ناڕازییە.
 
پێشتر هانزی فلیک، لە دوای یەکسانبوون لەگەڵ رایۆ ڤاییکانۆ لە لالیگا لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا گوتبووی "لە تیپەکەدا جێگەی خۆپەرستی نابێتەوە". ئاماژەی بەیەکدەستیی تیپەکە دابوو لە وەرزی پێشوودا کە بەهۆیەوە سێ نازناوی لالیگا، سوپەر و جامی شای بردەوە.
 
ماڵپەری 'دیڤێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی دەڵێ، لامین یامال زۆر بێئومێد بووە، لە کاتێکدا پێکانی هەیە و پێیوایە راهێنەرە ئەڵمانییەکە ناهەقیی بەرامبەر دەکات و بەئاشکرا رەخنەی لێدەگرێت و لە بەرامبەر ئەو یاریزانە هەڕەشەی چوونە یانەی پاریس سانجێرمان دەکات.
 
ماڵپەرەکە دەڵێ، بەشێکی نیگەرانیی لامین بۆ مامەڵەی هانزی فلیک لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی پێکرانی ئەو یاریزانەوە گلەیی لە فیدراسیۆنەکە و دی لافوێنتێی راهێنەری کرد، بەڵام لامین هەستدەکات، بەشێک لە قسەکانی فلیک لە گلەییەکانیدا ئاراستەی ئەو کراون.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لە ململانێی نێوان ئەو دوو راهێنەرەدا، لامین لایەنگری دی لافوێنتێیە و پێیوایە ئەو زیاتر لەسەر هەقە تاوەکو فلیک.
 
لە کاتێکدا راهێنەری ئیسپانیا ئامادەنییە هیچ رەخنەیەک لە هێرشبەرە لاوەکەی بارسێلۆنا بگرێت، هانزی فلیک هەفتەیەک لەمەوپێش لەبارەی ئەو یاریزانەوە گوتی، "حەزم لەناونانی کەس بە سوپەر نییە، لامین بەهرەمەندە، بەڵام ئەگەر بیەوێت باشتر بێت، دەبێت کاری زۆر بکات بۆ ئەوەی لیڤڵی خۆی بەرز بکاتەوە".
 
دیڤێنسا سێنتراڵ هەروەها دەڵێ، باوانی لامینیش ئاگاداری ناڕەحەتییەکانی کوڕەکەیانن، هەربۆیە پشتگیری ئەو دەکەن لە بەرامبەر فلیکدا و پێیانوایە مامەڵە و رەخنەکانی فلیک نادادپەروەرانەیە.
 
راپۆرتی سەرچاوە ئیسپانییەکان لە کاتێکدان، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەندێک سەرچاوە ئاشکرایانکرد، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئامادەیە 230 ملیۆن یۆرۆ بدات بۆ بەدەستهێنانی لامین یامال و بەوەش ئەو دەبێتە گرانبەهاترین گواستنەوەی مێژووی تۆپی پێ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە