هیونگ مین سۆن: چاوم لە بردنەوەی نازناوێکی ئەوروپییە بۆ تۆتێنهام
رووداو دیجیتاڵ
هیونگ مین سۆن، کاپتنی تۆتێنهام رایگەیاند دەیەوێت لە یانەکەدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوە بەدەستبهێنێت کە کەس پێشتر ئەنجامی نەداوە، ئەویش بردنەوەی جامێکە بۆ تۆتێنهام.
تۆتێنهام لە 21ـی ئەم مانگە لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگدا لە شاری بیلباوی ئیسپانیا بەرامبەر مانچێستەر یونایتد یاریی دەکات. سۆن پێیوایە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی کۆتایی بە 17 ساڵ نازناونەبردنەوەی یانەکەیان بهێنن.
سۆن دەڵێت "هەستێکی تایبەتی هەیە بۆ ئەم یارییە و زیاتر لە هەموو کەسێک دەیەوێت جامەکە بەدەستبهێنێت. یاریزانە کۆرییەکە هیوای خواست هاندەرانی کۆریا پاڵپشتی تۆتێنهام بکەن".
تۆتێنهام لەساڵی 2008ـەوە هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێناوە، هەروەها لەساڵی 1984ـەوە هیچ جامێکی ئەورووپی نەبردووەتەوە.
یانە لەندەنییەکە بەر لەوەی یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ ئەنجام بدات، لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا یاریی دەکات. ئەگەر تۆتێنهام ئەم یارییەی بباتەوە، ئەوا دەبێتە یەکەم نازناوی ئەورووپی لەدوای ساڵی 1984.