ئینیگۆ مارتینێز هۆکاری رۆیشتنی لە بارسێلۆنا رادەگەیەنێت

13-08-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن ئینیگۆ مارتینێز یانەی بارسێلۆنا یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی ئینیگۆ مارتینێز بەشێوەیەکی لەناکاو، ریزەکانی بارسێلۆنای جێهێشت و روویکردە یانەی نەسڕی سعودی، هۆکاری رۆیشتنەکەی ئاشکرابوو.
 
ئینیگۆ مارتینێز، لە ساڵی 2023 لە ئاتلێتیک بیلباوەوە روویکردە بارسێلۆنا و بۆ ماوەی دوو وەرز لەو یانەیە مایەوە، وەرزی رابردوو بە ئاستە نایابەکەی یارمەتیدەر بوو لەوەی یانەی بارسێلۆنا بتوانێت نازناوەکانی، جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی شای ئیسپانیا و لالیگا بەدەستبهێنێت.
 
هەمووان پێشبینی ئەوەیان دەکرد، مارتینێز دوای وەرزێکی ئاگرین، لانی کەم بۆ وەرزێکی دیکەش لە یانە کەتەلۆنییەکە بمێنێتەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ، ئەو یاریزانە رۆیشتنی خۆی لە بارسێلۆنا راگەیاند و روویکردە یانەی نەسڕی سعودی.
 
ئینیگۆ مارتینێز سەبارەت بە بڕیارەکەی دەڵێت "ئەم شەمەندەفەرانە بە دەگمەن دێن، منیش سەخت بوو بۆم بڵێم نەخێر"
 
مەبەستی مارتینێز، ئەو دەستەوارە گەورەیەیە کە لەلایەن نەسڕەوە پێشکێشی کرا، بەپێی میدیای ئیسپانیا، ئەو یاریزانە، ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت، بەبەراورد لەگەڵ مووچەکەی لە بارسێلۆنا، 11 ملیۆن یۆرۆ زیادیکردووە، چونکە مارتینێز لەگەڵ بارسێلۆنا تەنیا 9 ملیۆن یۆرۆی لە وەرزێکدا بەدەستدەهێنا.
 
ئینیگۆ مارتینێز دەڵێت "دوای ئەوەی لە گەشتەکەی ئاسیا گەڕاینەوە، لەگەڵ فلیک قسەم کرد و زۆر راشکاو بووم لەگەڵی و دڵنیابووم لێم تێدەگات، پێمگوت تەنیا ساڵێک لە گرێبەستەکەم ماوە و تەمەنم 34 ساڵە، ناتوانم بەو گرێبەستە نوێیە بڵێم نەخێر"
 
سەبارەت بە کاردانەوەی فلیکیش دەڵێت "ئەو سەرەتا شۆک بوو، بەڵام دواتر تێگەیشت، گفتوگۆیەکی جوانمان کرد، بەڵام زۆر خەمباربووم، لەبەر ئەو خۆشەویستییەی پیشانیدام"
 
زیاد دەکات و دەڵێت "بابەتەکە زۆر ناخۆش بوو، بەڵام دڵەڕاوکێی تێدا نەبوو، پڕ بوو لە هەست و سۆز، ئەو ساتە بوو کە زانیم کاتمان تەواو بووە بەیەکەوە"
 
سەبارەت بە بڕیاری چوونیشی بۆ نەسڕ دەڵێت "بێگومان ئەگەر گرێبەستەکەم لەگەڵ بارسێلۆنا زیاتر لە ساڵێک بوایە، بیرمدەکردەوە زیاتر بمێنمەوە، چونکە مووچەکەم لەو یانەیە باش بوو و دڵخۆش بووین، ئەگەر بمەوێت یان نا، هاتن بۆ ئەم وڵاتە، بڕیارێکی سەختە، نەک تەنیا هاوژینەکەم، بەڵکو منداڵەکانیشم لەگەڵ خۆم هێناوە، هەموو شتێکم گۆڕیوە، پێموایە دەبوایە زیاتر بیری لێبکەمەوە"
 
ئینیگۆ مارتینێز بەخۆڕایی ریزەکانی بارسێلۆنای بەجێهێشت و بووە یاریزانی یانەی نەسڕ و وەرزی داهاتوو هاوشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریدەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە