خوان لاپۆرتا بەهەشت دەبەستێتەوە، بەبردنەوە لە ریال مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، دەڵێ بەهەشت ئەو شوێنەیە کە هەر پێنج خولەک جارێک، بارسێلۆنا گۆڵێک لە ریال مەدرید دەکات.
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لە نوێترین چاوپێکەوتندا، وەڵامی چەندین بابەتی کەسیی جیاوازی داوەتەوە، ئەو دەڵێ، "من باوەڕم بە خودا هەیە، ئەو واملێدەکات متمانەم زیاتر بێت، بەڵام زۆر پەیوەست نیم بە ئەرکە ئاینییەکانم".
سەبارەت بە بەهەشتیش لاپۆرتا دەڵێ، "بەهەشت لای من ئەو شوێنەیە تیایدا 5 خولەک جارێک، بارسێلۆنا گۆڵ لە ریال مەدرید تۆماربکات، پێموایە خوداش هاندەری بارسێلۆنایە".
ئەو قسانەی لاپۆرتا، مشتومڕێکی زۆریان لێکەوتەوە، بەشێک پێیانوایە، ئەو بارسێلۆنای زۆر خۆشدەوێت و ئەوەش شتێکی ئاساییە، بەشێکی دیکەش پێیانوایە، زیادەڕۆیی کردووە لە دەربڕینی خۆشەویستییەکەی.
لاپۆرتا دەربارەی مێسی رایگەیاندووە "پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ مێسی هەبوو، بەڵام دواتر کە نەمانتوانی گرێبەستەکەی نوێبکەینەوە، ئەو پەیوەندییە تووشی گرژی بوو، بەڵام وا دووبارە باشتر دەبێتەوە".
لیۆنێل مێسی، ساڵی 2021 بەشێوەیەکی لەناکاو و بە ماڵئاواییەکی سادە و خەمگینانە، یانەی بارسێلۆنای جێهێشت، ئەوەش وایکرد، بەڕێوەبەرانی یانەکە و لەسەروووی هەموویانەوە لاپۆرتا رووبەڕووی رەخنەی زۆر ببنەوە، لاپۆرتا لەسەر ئەوە دەڵێ "هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین ئەو رێزەی پێ ببخەشین کە شایستەیەتی".
لاپۆرتا دەربارەی ژیانی خۆی رایگەیاند "پێموانییە هاوسەرێکی باش بم، لەوانەیە بۆ پەیوەندییە ناجێگیرەکان باش بم، من پێموایە سێکس لە پارە گرنگترە، لەوە زیاتر هیچ ناڵێم، سێکس واتە تەندروستی".
لاپۆرتا باسی فلیکیشی کردووە و وەکو گلادیاتۆر ناوی بردووە، ئەو دەڵێت "هانزی فلیک وەکو گلادیاتۆر دێتە پێش چاوم، ئەو لە روسێل کرۆ دەچێت، ئەو داواکاریی زۆرە، بەڵام هەستیارە، راهێنەرێکی نایابە و کەسێکی ناوازەیە، زۆر هەست بەباشی دەکەم کاتێک لەگەڵی کاردەکەم".
کاتێک پێشکەشکارە کەتەلۆنییەکەش، دەربارەی گەورەی تۆپی پێ، پرسیاری لێکرد، لاپۆرتا گوتی "بێگومان یۆهان کرۆیف".
ئەم قسانەی لاپۆرتا لە کاتێکدان، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا، هەڵبژاردنەکانی یانەی بارسێلۆنا ئەنجامبدرێن، لاپۆرتا و رکابەرەکانی هەر لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەو کاتە ئامادە دەکەن.