بوسکێتس: رووبەڕووبوونەوەی پاڵەوانی پرێمەرلیگ زەحمەتە

14-03-2018
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرخیۆ بوسکێتس، یاریزانی بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

سێرخیۆ بوسکێتس، ئەستێرەی هێلی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ یانەی چێڵسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بە زەحمەت ناودەبات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ بوسکێتس گوتی، یاریی بەرامبەر چێڵسی زۆر زەحمەت دەبێت و پێویستی بە کارکردنێکی زۆر هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو و بڕینی پاڵەوانی پرێمەرلیگ.

یاریزانە ئیسپانییەکە گوتیشی هەموو هەوڵێک دەدەین کۆنترۆڵی تۆپ بکەین و هەل دروستبکەین بۆ ئەوەی بارودۆخەکە ئاسان بکەین، لەکاتێکدا چێڵسی لە نێو یاریگەدا بە وریاییەوە یارییدەکات.

بوسکێتس هیوای خواست مێسی لە یارییەکەدا لە باشترین کاتی خۆیدا بێت، دوای ئەوەی بەهۆی لەدایکبوونی منداڵی سێیەمی لە یاریی رابردووی لالیگا بەشداریی نەکرد.

دەربارەی یاریزانەکانی چێڵسیش ئەو یاریزانەی بارسا هۆشدارییدا و گوتی دەبێت رێگە لە لێدانە دوورەکانی ویلیان، هازارد، مۆراتا و پێدرۆ بگرین و پێویستە بەرگریکەرانی یانەکەمان ئەو کارە ئەنجامبدەن.

ئەمشەو یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی چێڵسی دەکات و یارییەکە کاژێر 22:45 بەکاتی باشووری کوردستان دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە