كه‌ته‌لۆنییه‌كان گاڵته‌ به‌ بواتینگ ده‌كه‌ن

14-04-2019
ئیحسان تاهیر
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

كه‌ته‌لۆنییه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا لێشاوێك ره‌خنه‌ی گاڵته‌ئامێزیان ئاراسته‌ی پرێنس بواتینگی هێرشبه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا كرد، به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ی به‌رامبه‌ر یانه‌ی هویسكا پێشكه‌شی كرد، كه‌ یارییه‌كه‌ به‌بێ گۆڵ بۆ هه‌ردوولا كۆتاییهات.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی، راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا، له‌ یاری گه‌ڕی 32ی لالیگادا له‌ به‌رامبه‌ر هویسكا، پشووی به‌ زۆربه‌ی یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی داو ده‌رفه‌تی به‌ چه‌ند یاریزانێكی یه‌ده‌گ و لاو دا بۆ ئه‌وه‌ی تواناكانیان ده‌ربخه‌ن، به‌ڵام پرێنس بواتینگی یاریزانی غانی، نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانی تواناكانی بسه‌لمێنێت، به‌ڵكو ئاستێكی هێنده‌ خراپی نیشاندا، بووه‌ مایه‌ی گاڵته‌جاڕی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ره‌خنه‌ی رۆژنامه‌كانی ئیسپانیا.

بواتینگ له‌وه‌ته‌ی 16/2/2019 یاری بۆ بارسا نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌وادارانی یانه‌كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا رایانگه‌یاند كه‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و له‌ لایه‌ن ڤالڤێردی و ده‌رفه‌ت پێنه‌دانی له‌ خۆڕایی نه‌بووه‌و زانیویه‌تی كه‌ بواتینگ به‌ كه‌ڵكی یاری ناهێت.

هه‌ندێكی دیكه‌ش بۆ بواتینگیان نووسیوه‌ "خۆت ده‌بووایه‌ شه‌رم بكه‌ی درێسی بارسا له‌به‌ر بكه‌ی".

هه‌روه‌ها بۆیان نووسیوه‌ "تۆ بۆ هیچ ده‌ستناده‌ی، دڵنیابه‌ ئه‌مه‌ دوایین یاریت بوو به‌ درێسی بارسێلۆنا". یه‌كێكی دیكه‌ش نووسیویه‌تی "هێنانی تۆ بۆ خۆی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو".

رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش، هێرشێكی گه‌وره‌ی كردووه‌ته‌ سه‌ر بواتینگ و له‌باره‌وه‌ نووسیویه‌تی "ئه‌م یاریزانه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ نییه‌ یاری بۆ تیپێك له‌ ئاستی بارسێلۆنا بكات".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە