میسی ئیتاڵییه و ناوى لویسه
ئا: بارزان سادق
له ساته‌وه‌ختی دره‌وشانه‌وه‌ی لیۆنێل میسى ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه تاوه‌كو ئێستا، هه‌موو زانیارییه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌م یاریزانه له بچووكییه‌وه تا گه‌وره‌ییه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه و به‌رده‌وام هه‌واداران تامه‌زرۆی زانینی نهێنییه‌كانی ئه‌ستێره‌كه‌ی ئه‌رجه‌نتینن، به‌ڵام ئه‌مجاره 6 نهێنی شاراوه له‌سه‌ر لیۆنێل ئاشكرا ده‌كه‌ین.
خواردن یه‌كێكه له‌و هۆكارانه یارمه‌تی یاریزانان ده‌دات بۆ دره‌وشانه‌وه و خواردنی باش ئاستی باشی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، به‌ڵام دوور له خواردنی ته‌ندروست لیۆنێل میسى زۆر حه‌ز به "میلانێسا ناپۆلیتانا" ده‌كات كه یه‌كێكه له خواردنه به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان و تێكه‌ڵه‌یه‌كه له گۆشتی بر‌ژاو و ته‌ماته‌ی له‌تكراو. هه‌روه‌ها پیاز و په‌نیر و بڕێك شه‌كریشی له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ ده‌كرێت. چێلا میسى، دایكی سه‌باره‌ت به‌م خواردنه‌ی لیۆنێل ده‌ڵێت "میسى كه‌سێكه زۆر حه‌ز به خواردنی خۆش ده‌كات، به‌ڵام حه‌ز له گۆشتی ئه‌سپ و به‌راز ناكات و شتێكی باشی میسیش ئه‌وه‌یه زۆر گرنگی به رازاندنه‌وه‌ی خوان نادات".
به نزیكبوونه‌وه‌ی مۆندیالی 2014ی به‌رازیل، پێشبینی ده‌كرێت لیۆنێل میسى ئاستێكی به‌رز له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین پێشكه‌ش بكات. میسى له ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا هه‌ڵگری هه‌ردوو ناسنامه‌ی ئه‌رجه‌نتینی و ئیسپانی بوو، له ساڵی 2004 داوای لێكرا یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیای خوار 20 ساڵان بكات، به‌ڵام ئه‌وكاته ره‌تیكرده‌وه و دوای ساڵێك له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین بووه پاڵه‌وانی مۆندیالی لاوان.
هه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین، له مانگی ئابی ساڵی 2005دا، له یاری به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی هه‌نگاریا، لیۆنێل میسى له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا له خوله‌كی 66ی گێمی دووه‌مدا چووه شوێنی لیساندرۆ لۆپێز و ئه‌مه یه‌كه‌م یاری فه‌رمی میسى بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌كه‌می ئالبیسیلێستی، دوای تێپه‌ڕبوونی 44 چركه به‌سه‌ر هاتنه ژووره‌وه‌ی به‌كارتی سوور كرایه ده‌ره‌وه.
له هه‌موو جیهان ئه‌م یاریزانه به لیۆنێل میسى ناسراوه، به‌ڵام ناوی راسته‌قینه‌ی لویس لیۆنێل ئاندرێس میسییه و له 24ی حوزه‌یرانی ساڵی 1987 له رۆزاریۆ له‌دایكبووه، تاوه‌كو ئێستا نه‌زانراوه بۆچی باوك و دایكی ناویان گۆڕیوه بۆ لیۆنێل، زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن به‌هۆی سه‌رسامی خۆرخێی باوكی به لیۆنێل ریچێی گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی ناویان كردووه‌ته لیۆنێل و لویسیان سڕیوه‌ته‌وه.
میسى له ئه‌رجه‌نتین له‌دایكبووه و له‌وێش گه‌وره بووه، به‌ڵام به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی ئیتاڵیاییه، شارۆچكه‌ی رێكاناتی سه‌ربه پارێزگای ماكێراتا، كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی ئیتاڵیا، شوێنی راسته‌قینه‌ی ئه‌ستێره‌ی یه‌كه‌می به‌رشلۆنه‌یه.
راخاس كومار، كه رۆژنامه‌نووسێكی به‌ناوبانگی ئیتاڵیاییه، ئاشكرایكردووه كه له ساڵی 1883 خێزانه گه‌وره‌كه‌ی میسى كه ناوی ئانجێلۆ میسى بووه كۆچیان كردووه بۆ ئه‌رجه‌نتین.
بڕوا بكه‌یت یان نا، لیۆنێل میسى خزمی بۆیان كركیچی یاریزانی پێشووی یانه‌ی به‌رشلۆنه و ئێستای یانه‌ی ئه‌جاكسی هۆڵه‌ندییه. رۆژنامه‌ی دیاری سێگرێ دوای ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد بۆی ده‌ركه‌وتووه، رامۆن پێرێز یۆبێرای باپیره گه‌وره‌ی میسى له ساڵی 1859 له‌دایكبووه‌و برای گۆنكاڵه، كه ده‌كاته باپیره گه‌وره‌ی بۆیان كیركیچ.