ریال مەدرید یەکەم یاریی دوای دۆڕانی کلاسیکۆ ئەنجامدەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی خولی ئیسپانیا بەردەوامدەبن و یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی دوای دۆڕانی لە کلاسیکۆدا و دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی وەکو راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجامدەدات.
 
لە دەستپێکی رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر یانەی ریال مایۆرکا یاری دەکات، ئەمە یەکەم یاریی یانەکەیە، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوو بەرامبەر یانەی بارسێلۆنا دۆڕا و بە رێژەیەکی زۆر لە بردنەوەی نازناوی لالیگا بێهیوا بوو.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا ژمارەیەکی زۆری یاریزانانی ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە بەشداری ناکەن، چاوەڕواندەکرێت ئەنچێلۆتی، بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی سەرەکی و پێکهاتەی دووەم بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
ریال مەدرید سێ یاریی لەم وەرزەی لالیگادا ماوە، ئەنچێلۆتی دوای ئەو سێ یارییە لە ریال مەدرید دەڕوات و دەیەوێت هەرسێ یارییەکە بباتەوە و بەبردنەوەوە ماڵئاوایی لە یانەی شاهانە بکات.
 
ریال مایۆرکا لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە و ئەنجامەکانی لەم وەرزەدا باشن، یانەکە دەیەوێت سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت کە ریال مەدرید پێیدا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
 
بەر لەم یارییە رۆدریگۆ، لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا تووشی پێکانبوو و مەشقەکانی بەجێهێشت، بەهۆی ئەو پێکانەشەوە ئەم وەرزەی لالیگا بۆ یاریزانەکە کۆتاییهات، دیارنییە بەشداری لە مۆندیالی یانەکانیشدا دەکات یان نا، بەتایبەت کە یاریزانەکە بیر لە بەجێهێشتنی ریال مەدرید دەکاتەوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "ریال مەدرید ئامادەیە ئەو یاریزانە بفرۆشێت ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی پێشکێشبکرێت."