گالەری


رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی یانەی زاخۆ چالاکییەکی سەرنجڕاکێش و جیاوازیان ئەنجامدا و لە هەموو کوردستان و عێراق دەنگی دایەوە.
 
هاندەرانی یانەی زاخۆ، دوای ئەوەی سزاکەیان کەمکرایەوە، لە یاریی یانەکەیان بەرامبەر یانەی حدوود گەڕانەوە نێو یاریگە و چالاکییەکیان ئەنجامدا کە پێشتر لە هیچ یاریگەیەکی عێراق نەکرابوو.
 
هەزاران هاندەری یانەی زاخۆ بەیەکەوە چوونە نێو یاریگەی یانەکە و لەگەڵ دەستپێکی یارییەکە، چواردەورووی چیمەنی یاریگەی یانەکە پڕکرا لە یاریی ئاگرین و هاندەرانی زاخۆ بەیەکەوە یارییەکانیان هەڵدایە نێو یاریگەکە.
 
ئامانج لە چالاکییەکە هاوکاریکردنی ئەو منداڵانەیە کە نەخۆشن و یانەی زاخۆ لەبارەی چالاکییەکەوە دەڵێت "بەناوی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان، سوپاسی هاندەرانی خۆشەویست دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتییە جوانەیان کە بەرامبەر یانەی حدوود کردیان، هەڵدانی یاریی منداڵان لەنێو یاریگەی زاخۆ نیشاندانی هاندەرێکی نموونە، مرۆڤ دۆست و مەزن بوو بۆ هەموو شەقامی وەرزشی، کوردستان، عێراق و ئاسیا."
 
یانەی زاخۆ زیاتر دەڵێت "دووپاتدەکەینەوە هاندەرانمان بڕبڕەی پشتی تیپەکەن و بەردەوام بەهۆی چالاکییەکانیانەوە چاوی هەموو لایەکیان لەسەرە، با هاندەرانمان بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی بۆ ئەوەی سەرکەوتنی زیاتر بەدەستبهێنین."
 
لە یارییەکەدا زاخۆ بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شوێنی خۆی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە پاراست.