رووداو دیجیتاڵ
لەژێر ناونیشانی 'ئەو کۆبوونەوەیەی مێژووی بارسێلۆنای گۆڕی، ئایپادێک، شیشی کەباب و تەلەفۆنی داخراو' میدیای کەتەلۆنیا، لە راپۆرتێکدا باسیان لە وردەکاریی ئەو کۆبوونەوەیە کردووە کە لە میانیدا بەرپرسانی بارسێلۆنا بڕیاریانداوە، هانزی فلیکی ئەڵمانی بکەنە راهێنەری یانەکە و مێژوویەکی نوێ دەستپێبکەن.
هانزی فلیک هاوینی رابردوو بەڕاهێنەری نوێی بارسێلۆنا دەستنیشانکرا، پاش مشتومڕ و بێنە و بەرەی زۆر لەبارەی چارەنووسی راهێنەری یانەکە، دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز، رۆیشتنی لە مەشقدانی یانەکە راگەیاند و پاشان پاشگەزبووەوە و دواتریش بڕیاری رۆیشتنی درا.
بارسێلۆنا نزیکە لە بەدەستهێنانەوەی نازناوی لالیگا، دوای بردنەوەی کلاسیکۆ بە 4 - 3 گۆڵ لە هەفتەی 35ی لالیگا.
بارسێلۆنا پێویستی بەبردنەوەی یارییەکی دیکە هەیە، لە کۆی ئەو سێ یارییەی تاوەکو کۆتایی وەرزی ماویەتی، بۆ ئەوەی بەفەرمی نازناوی ئەمساڵی لالیگا مسۆگەر بکات و ببێتە خاوەنی سێ نازناو لە وەرزی یەکەمی کارکردن لەگەڵ هانزی فلیک.
کارگێڕیی بارسێلۆنا لەگەڵ فلیک رێکەوتووە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی 2027.
گرێبەستی هانزی فلیک تاوەکو هاوینی 2026 بوو، بەڵام بۆ ساڵێکی دیکە نوێدەکرێتەوە.
میدیای کەتەلۆنیا لە نزیکبوونەوەی ساڵیادی دەستبەکاربوونی فلیک لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە، بەشێک لە نهێنییەکانی ئەو کۆبوونەوە پێنج کاژێرییەی ئاشکراکردووە کە تێیدا بڕیاردراوە گرێبەست لەگەڵ فلیک بکرێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، لە رۆژی 22ی مانگی پێنجی ساڵی 2024، هانزی فلیک لەگەڵ هەریەکە لە دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا و بۆیان کریکیچی یاریدەدەری لە ماڵی بینی زاهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی فلیک لە لەندەن کۆبوونەوەتەوە. کۆبوونەوەکە نهێنی بووە و ماوەی پێنج کاژێری خایاندووە و تێیدا راهێنەرە ئەڵمانییەکە تەواوی وردەکارییەکانی پڕۆژەی خۆی بۆ سەرپەرشتیکردنی یانەکە خستووەتە روو.
وەک ئەو سەرچاوانە دەڵێن، "فلیک بەوردەکاریی زۆرەوە چووەتە کۆبوونەوەکە، پلان و کۆمەڵێکی زۆر وردەکاریی هونەریی کە هەمووی لەسەر ئایپادێک هەڵگرتبوو، بردووەتە کۆبوونەوەکە و دیکۆ و بۆیانی بەپلانەکانی خۆی رازی کردووە، ئەو پلانی یارییکردن و گەشەپێدانی گەنجانی تیپەکە و قۆستنەوەی کوالیتی یاریزانانی یانەکەی داناوە، بەبێئەوەی داوای گرێبەستی نوێ بکات".
میدیاکان دەڵێن، "وێڕای گومانی بەرپرسانی بارسێلۆنا لە توانای زمانەوانیی فلیک بۆ زمانی ئیسپانی و شارەزایی لە مامەڵەی میدیای کەتەلۆنی، بەڵام بیرۆکەی رێککاری و روونی بۆچوونەکانی، وایکردووە دیکۆ باوەڕ بەبیرۆکەکانی بکات و بۆچوونێکی پۆزەتیڤی لەسەری هەبێت و ئەو بۆچوونەش بۆ خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە بگوازێتەوە".
هەمان راپۆرت ئاشکرایکردووە، "دەنگۆی کۆبوونەوەکە زۆر بەخێرایی دزەی کردووەتە نێو رۆژنامەڤانان، ئەوەش پاشئەوەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە داوای کەبابیانکردووە لە چێشتخانەیەک و ئیدی رۆژنامەڤانەکان هەستیان بەبوونی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ماڵەکەی زاهاڤی کردووە، بەڵام دیکۆ، فلیک، بۆیان و زاهاڤی، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە بەنهێنی بهێڵنەوە، تەلەفۆنەکانیان داخستووە بۆ ئەوەی خۆیان لە هەر بەرکەوتن و تەلەفۆنکردنێک بپارێزن".
ئەو سەرچاوانە دووپاتیدەکەنەوە، "دوای تەنیا دوو رۆژ لە کۆبوونەوەکە، فلیک هەواڵی رەزامەندبوونی بەرپرسانی یانەکەی بەدەستگەیشتووە، بەوەی کە رازیبوون بەپڕۆژەکەی بۆ مەشقدانی یانەکە و ئەویش بڕیاریداوە، هەموو دەستەوارەیەک رەتبکاتەوە لەپێناو بارسێلۆنا و ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنی پۆستەکەی لە یانەکە".
هانزی فلیک، لە ماوەی ساڵی یەکەمی کارکردنی لەگەڵ بارسێلۆنا، جیا لە بردنەوەی سێ نازناوی گرنگ، تیپێکی تۆقێنەر و بەهێزی لە یانەکە دروستکردووە و لەماوەی رابردوودا زۆرترین پەسندانی میدیاکانی جیهانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ